پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

گرتووخانەی(محەتە)ی هەولێر، دەرفەتێکی زێرین بۆ حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات/ئارام مودەڕەسی

گرتووخانەی(محەتە)ی هەولێر،هەلێکی لەبار بۆ حکوومەتی هەرێم و دەرفەتێکی زێرین بۆ حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات
سەرەنجام پاش نزیکەی ٤٥ رۆژ چالاکوانانی کورد لە بەندیخانەی هەولێر بە دانانی وەسیقە ئازاد کران.دیارە ئەو هەواڵە بوو بە مایەی خۆشحاڵی زۆربەی هەرەزۆرمان و گووتمان:ئازادیتان پیرۆز.

بێگوومان گرتن و دواتریش درێژکردنەوەی ماوەی راگرتنی ئەو چالاکوانانە لە گرتووخانەدا هەڵگری گەلێک ئاماژەیە و پێویست لەزۆر لایەنەوە خوێندنەوەی بۆبکرێ. من هەوڵ دەدەم لە روانگەی خۆمەوە بە کورتی هەڵوێستەیەک بکەم بۆ ئەو مەسەلەیە. سەرەتا دەبێ بڵێم ئەو ئازادبوونە هەر چەند بە وەسیقە و بەزۆر داڵانی تەنگ و تاریک و پرچەرمەسەری دا هاتەدی، بەڵام گەورەترین دەستکەوتی چاڵاکوانی مەدەنی و سیاسی رۆژهەڵات و باشوور بوو کە لە رۆژی یەکەمەوە بە بێ گوێ دانە ئیتمای سیاسی و حیزبی، لە هەوڵ و کۆشش دابوون، کە جێگای سپاس و پێزانینە.

لە روانگەی منەوە گرتنی ئەو هەشت کەسە لەراستیدا ئاماژەیەکی زۆر روونی سیاسی بوو کە ئاراستەی حیزبە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کرا.بە تایبەت لێدوانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە کارهێنانی دەستەواژەی”ئاژاوەگێر” و “قوستنەوەی کەش و هەوای ئارام و سەقامگیری هەرێم”،پەنجەی ئاماژە بوو بۆ حیزبەکانی کوردی رۆژهەڵات کە ئیتر بەسە، ئێرە وڵاتی یاسا و رێسایە و چیتر “عەتف و سۆزی نەتەوەیی” دەوری نییە و پێویستە سنوورەکان بناسرێن.

بەڵێ ئەمە ئەو هەلە لەبارە بوو کە بۆ براکانمان کە خاوەن حکوومەت و دەسەڵاتن لەو بەشەی کوردستان رەخسا، هەتا بە راشکاوی سنوور و جەغزی بوونمان لە باشور بۆ دیاری بکەن. ئەگەر لە هەلسوکەوت و لێدوانی هەر لێپرسراوێکی پەیوەندیدار بەو کێشەیە (گیراوانی رۆژهەڵاتی) وردبینەوە و خۆمان گێل نەکەین، زۆر بەباشی دیارە چ میوانێکی “رەزاقورسین” بۆ براکانی باشوورمان.

من ناچمە سەر لایەنە نەرێنی و کارتێکردنە نگەتیڤەکانی ئەو مەسەلە بۆسەر هاوپشتی و یەکریزی نەتەوەیی، کە بۆ هەموومان روونە. من تەنها روو لە حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەت کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان(کە بۆخۆم ئەندامیم)دەکەم و دەڵێم:حکوومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور زۆر بەباشی کەڵکی لە گرتووخانەی “محەتە”ی هەولێر وەرگرت و پەیامی خۆی بە روونی ئاراستە کردن کە لەگەڵ هەموو تاڵی و ناخۆشیەکانی، بەڵام دەرفەتێکی زۆر زێرینی بۆ ئێوەش رەخساند کە بە خۆتاندا بچنەوە. ئیتر نابێ گومان لەوەبکەن کە پەیوەندی بە خشکە و لێل و نادیار و خێڵەکی هیچ دەورێکی نەماوە. ئەو ٤٥ رۆژەی کە لەراستیدا ئێوەی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە بەندیخانە کرابوون، ئاشکرای کرد کە خاوەنی هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماتیک نین لە گەڵ حکوومەتی هەرێم و ئەو بۆرە پەیوەندیەش کە هەتا ئێستا هەتانە،لەراستی بەرهەمی قۆناغێکی تایبەت و دیاریکراوە، و لە زمانی بەرێز سەرۆکی حکوومەتەوە بەسەرچووە و بێکەڵکبوونی ئەوجۆرە پەیوەندیانە راگەیاندرا.

لەروانگەی منەوە زۆر پێویست و بەجێیە کە حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و بە تایبەت کۆمەڵە بەسەر ئەو پەیوەندییە کرچ و کاڵ و لاوازەیدا بچێنەوە و لە چوارچێوەیەکی روون و شەفاف و دیاریکراوی دیپلۆماتیکدا، دیپلۆماسی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێناسە بکەن. زۆر عەیبە ونابێ قەبووڵ بکرێ کادر و بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتییەکانتان، رێز و حوورمەتی خەبات و ماندووبوونیان نەگیرێ. تکایە خۆتان پێناسە بکەنەوە و بەو جۆرەش رێز و حوورمەتی کادرەکانتان بپارێزن. با بەرپرسی نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان،دیپلۆماتێکی بە هەیبەت و شکۆ بێ و،  لەچوارچێوەی سیاسەتی دیپلۆماتیکی حیزبەکەیدا خاوەن بریاربێ و، ماف و دەسترۆیشتووی دیار بێ. بە باوەری من هەتا نەچنە ئەو ئاستە و نەبنە خاوەن پەیوەندییەکی دیار و پێناسەکراوی دیپلۆماتیک، ئەوە دڵنیا بن لە هەرێمی کوردستان تووشی گەلێک کێشەی یاسایی و بەربەست و گرفت دەبن کە کاریگەری زۆر نەرێنی بەدواوە دەبێ.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.