لە ئاكامی هێرشی هێزە چەكدارەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كۆڵبەران و كاسبكاران، كاسبكارێ گیانیلەدەستدا، یەكێكی دیكەش بریندار و 40 سەر لە ئاژەڵە بارهەڵگرەكانی ژمارەیەك كۆڵبەری دیكەش بە زەبری گوللە كوژران.
بە پێی هەواڵەكان لەمبارەوە، لە ئاكامی هێرشی چەكدارەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كاسبكاران و كۆڵبەران لە نێوان شارەكانی سەقز و بانە، لانیكەم 40 سەر لە ئاژەڵی بارهەڵگری ئەو كاسبكارانە بە تەقەی راستەوخۆی سپاییەكان كوژراون و رێژەیەكی زۆر لە كەلوپەلەكانیشیان دەستی بەسەردا گیراوە.
لەو هێرش و راودوونانەی كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد كە رێژەیان 50 تا 60 كەس راگەیەندراوە، هێزەكانی سپا كەوتوونەتە نێو مەیدانی مین و بە هۆی تەقینەوەی مینەوە 2 كەسیان لێ بریندار بووە.
لە هەواڵێكی دیكەشدا هاتووە، شەوی چوارشەممە لە سەر پێنجشەممە، 6 ی مانگی خاكەلێوە كاسبكارێكی كوردی خەڵكی گوندی “كۆبتان” سەر بە شاری سەڵماس بە ناوی “شاپوور عەبدۆیی” كوڕی ئەكڕەم لە لایەن هێزەكانی سپای پاسدارانی گوندی “دێلەزی” لە شوێنێك بە ناوی سێڕییانی “دێلەزیو بەرەسی” تەقەی لێ كراوەو بە توندی بریندار بووە.
ناوبراو كە گوللە بەر سەری كەوتووە، ئێستادا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری ورمێ لە ژێر چاودێریی پزیشك دایەو دەوترێ برینەكەی زۆر سەختە.
لە لایەكی دیكەوە، رۆژی شەممە 8ی مانگی خاكەلێوە لە ناوچە كوێستانیەكانی “حاجی عومران” لە ئاكامی دەستڕێژی گوللەی چەكدارەكانی سپا بۆ سەر ژمارەیەك كۆڵبەر و كاسبكاری كورد، كەسێك بە ناوی “عیسا رەحیمی” خەڵكی شاری مەهاباد كە لە هەوڵی هەڵاتن لە چنگ ئەو چەكدارانە بووە، بەداخەوە لە سەر بەرزاییەك بەر بووەتەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
شایانی باسە، كەمتر رۆژێك هەیە كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد كە لە بەر دەسكورتی و بێكاریی روویان كردووەتە پیشەی پڕ مەترسی كاسبكاری لە سەر سنوور، لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە هێرش نەكرێتە سەریان و بەرەوڕووی زیانی گیانی و مادی نەبنەوە.