مه‌ریوان : دژی شاپور ناوی شارێکی خنجیلانه و زۆر جوانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه، که کوڵه دیکتاتوره‌کانی ئێرانی، جاران به مه‌ریوانیان ده‌گوت . له سه‌ر نه‌قشه‌ی جوگرافیا و له کتێبه ده‌رسیه‌کان هه‌ر ” دژی شاپوور “نوسرابوو . وشه‌ی ” دژ” له زمانی فارسی‌دا به مانای قه‌ڵا هاتوه و ، دژی شاپور یانی قه‌ڵای شاپور . پاشان ناوه‌که گۆڕا و بوته قه‌ڵای مه‌ریوان . مه‌ریوان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ڵکه‌وتوه و پێده‌شته‌کان، مه‌زراکان و دارستانه‌کان و لێڕه‌واره‌کانی سروشتێکی جوان و دڵڕفێنیان به‌م شاره داوه . گوڵاله سووره‌ی پێده‌شته‌کانی مه‌ریوان ئه‌وه‌نده زۆره که شاعیری پایه‌به‌رز ماموستا قانێع ئیلهامی لێ وه‌رگرتوه و ناوی یه‌کێک له کتێبه‌کانی گوڵاڵه سووره‌ی مه‌ریوانه . له نزیکی ئه‌م شاره گۆمی زرێوار( زرێبار ) هه‌ڵکه‌وتوه ، که ته‌نیا ده‌ریاچه‌ی ئاوی شیرینی سه‌ر کوره‌ی عه‌رزه . ده‌ریاچه‌که هه‌نگاو به هه‌نگاو، له مه‌ترسی فه‌وتان دایه . ئه‌گه‌ر شارۆمه‌ندانی کورد فریا نه که‌ون ژێنگه ،ئیکۆسیستم و باری ئیکۆلۆژی ده‌ریاچه‌که،ڕۆژ له دوای رۆژ خراپ تر ده‌بێت و پێ ده‌چیت ناوی ده‌ریاچه‌ی زرێوار هه‌ر ته‌نها له ئارشیوی کتێبخانه‌کاندا بمێنیته‌وه . به‌تایبه‌ت حکومه‌تی مه‌لاکان ڕووبارێکی تریان به‌ره‌و ناو ده‌ریاچه‌که هێناوه ، که زیندهورهکانی چه‌ندین هه‌زار ساڵه‌ی ناو ده‌ریاچه‌که‌ی فه‌وتاندووه و لم و زیخێکی زۆری له سه‌ر کانیاوه‌کانی ناودهریاچهکه داناوه . مه‌ترسی پڕ بونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی کانیاوه‌کان له ئارادایه . هیچ شێوه‌یه‌کی عیلمی و زانستیانه بۆ پاراستنتی ئه‌م ده‌ریاچه تاقانه‌یه، ڕچاو نه کراوه . مه‌ریوان چه‌ندین گه‌ڕه‌کی هه‌یه که هه‌ر کامیان به ناوی خه‌ڵکی کۆچ کردوه‌وه ناو نراوه . وه‌ک گه‌ڕه‌کی : هه‌ورامییه‌کان،گه‌ڵباخیه‌کان، کۆماسییهکان ، سهرشیویهکان و ژاوهرۆیهکان . پادهگانێکی گه‌وره له نزیکی شار وه‌کوو” مار” په‌پکه‌ی خواردوو و ، هه‌موو پیلان ، جاسوسی و سه‌رکوته‌کانی داگیر که‌ر له‌م پادگانهوه ڕێک ده‌خرێت .
1- هه‌ڵویستی ڕادیکاڵی پێشڕه‌وانی مه‌ریوان !
له ڕۆژی 6 ی خه‌رمانانی 1309 ی هه‌تاوی ( 6 ی ئه‌یلولی 1930ی زاینی ) شارۆمه‌ندانی سلێمانی ڕژانه ناو شه‌قامه‌کان و له به‌ر ده‌رکی سه‌را کۆ بونه‌وه ودژ به سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی به‌غدا و هه‌ڵبژرادنه‌کان، به شێوه‌یه‌کی شارستانیانه و دوور له توند و تیژی خۆپیشاندانیان کرد. سه‌رجه‌م 2500 که‌س له ژنان و پیاوان ، به ده‌ستی خاڵی دژی عه‌سکه‌ره‌کانی حکومه‌تی شه‌ڕیان کرد و هه‌ڵویستی مێژووییان له‌م ڕۆژه ڕه‌شه‌دا ، به خه‌باتێکی مه‌ده‌نی و شارستانی و بێ تفه‌نگ و چه‌ک بۆ دانیشتوانی سلێمانی و گه‌لی کورد تۆمار کردوووه . له‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا نزیکه‌ی 60 که‌س کوژراوه و ده‌یان که‌س بریندار و له پێشڕه‌وان نزیکه‌ی 100 که‌س گیراون و به‌ره‌و زیندانه‌کانی که‌رکووک ، کۆچ دروان . ئه‌م ڕوداوه سیاسیه ، له گۆڤاری ” ڕۆشنبیری نوێ” ژماره‌ی 140 ساڵی 1977 له لاپه‌ڕه‌کانی 11- 9 بڵاو کراوه‌ته‌وه .
هه‌ر له ساڵی 1309ی هه‌تاوی( ساڵی 1930 ی زاینی ) خه‌ڵکی پێشڕه‌و و ئازاده‌ی مه‌ریوان ،هه‌ڵویستی ڕادیکاڵی خۆیان گرت و به بروسکه پشتیوانی و دیفاعی خۆیان له‌و ڕاپه‌ڕینه، که له به‌ر ده‌رکه‌ی سه‌رای سلێمانی ، ڕوی داوه ده‌ر بڕیوه و تهلگرافێکیان بۆ پشتیوانی له گیراوه‌کان بۆ نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان ناردووه و ، داوای ئازاد کردنی وڵات پارێزان و نیشتمان پهرورانی سلێمانیان کردووه . ئه‌م به‌ڵگه وسهنده مێژووییه ،سکاڵای ون کراوه . بیگومان ئه‌م دیکومینته له ئوڕگانه جاسوسیه‌کانی حکومه‌ته‌کانی ئێران هه‌یه ، ئه‌مما له خه‌ڵکی کورد نهێنی کراوه . قۆناخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کۆمه‌ڵگای هه‌ورامان و مه‌ریوان ، ده‌ورانی فیئودالی بوه . ئه‌و ته‌لگرافه له لایه‌ن دانیشتوانی مه‌ریوانه‌وه ناردراوه . به داخه‌وه ناوی ئه‌و که‌سانه دیار نیه و هێشتا هه‌ر گومه .
2- میداڵی ئاتاتورک و هه‌ڵویستی ئازادیخوازی هه‌ورامان
ئاڵمانیه‌کان ، حکومه‌تی ڕه‌زا شا ، که‌مالیسته‌کانی تورکیا وتاڕادیهکیش شیخ مه‌حمودی مه‌لیک، بۆ دژایه‌تی کردنی ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیزیه‌کان له ناوچه‌که‌دا، خاڵی هاوبه‌شیان که‌م نه بوو و ته‌قریبه‌ن له یه‌ک به‌ره‌ی نایهکگرتوودا، دژی سیاسته‌کانی به‌ریتانیا بوون . به مه‌به‌ستی ده‌رپه‌ڕاندنی ئینگلیز له ده‌ڤه‌ری سلێمانی ، مه‌حمودخانی دزڵی( 1946 – 1870 زاینی) نامه‌یه‌کی بۆئاتاتورک نوسیوه و له نامه‌که‌دا داوای تفه‌نگ و ئامێری نیزامی کردووه ، تا بتوانی له شاری سلێمانی دژی ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانا شه‌ڕ بکات . که‌مالیسته‌کان وڵامی نامه‌که‌یان نه داوه‌ته‌وه و یارمه‌تیان نه ناردووه . ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی که‌مالیسته‌کان له سه‌ر دڵی مه‌حموود خان قورسایی کردووه وئیتر متمانه و باوڕی به که‌مالیسته‌کان نه ماوه . پاشان بار ودۆخه‌که ، به‌ره‌و خاڵی وه‌رچه‌رخان نزیک بوه‌ته‌وه و که‌مالیسته‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ، ده‌یانه‌ویست له بزووتنه‌وه‌ی کورد که‌ڵک وه‌ر گرن . له‌م پێڤاژه‌یه‌دا، به خاتری خه‌باتی بێ وچانی مه‌حمود خان دزڵی دژی به‌ریتانیا میداڵی پێ‌زانین و قهدردانیان له ساڵی 1309 ی هه‌تاوی ( 1928 ی زاینی ) بۆ ناردووه ،که ئه‌ویش به هه‌ڵویستێکی پێشڕه‌وانه ، لێبڕاوانه و جوامێرانه نرخی بۆ دانه‌ناوه و وه‌ری نه گرتوه.
3- پیلانی سێ داگیرکه‌ر له شاری مه‌ریوان
شیخ مه‌حمودی مه‌لیک له” ئاو باریک” له گه‌ڵ هیزی هه‌وایی به‌ریتانیا شه‌ڕی کردووه . بومبارانه‌کان تائه‌و ئاسته خست و خۆڵ بووه که هێزی جه‌نابی شێخ و لایه‌نگرانی وره‌یان ڕووخاوه. ناچاربه پاشه‌کشه کراون و ، به‌ره‌و سنووری ده‌ستکرد گه‌ڕانه‌وه و له ئاوایی ” پیران ” که له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ڵکه‌وتوه گیرسانه‌وه . هاتنی جه‌نابی شیخ مه‌حموود و هێزه‌که‌ی بۆ پیران ، له‌لایه‌ن داگیر که‌رانه‌وه ته‌حه‌مول نه‌ده‌کرا . هه‌ر بۆیه مه‌لیک فه‌یسڵ ، ڕه‌زا شا‌و ئیمپراتوری به‌ریتانیا ، ساڵی 1310ی هه‌تاوی دژی بزووتنه‌وه‌ی جه‌نابی شیخ مه‌حموود له شاری مه‌ریوان ، له سه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌کی به‌ر بڵاو ڕێک که‌وتن . نوێنه‌رانی پایه به‌رزی به‌ریتانیا ،حکومه‌تی عێراقی و ئێرانی له مه‌ریوان کۆبونه‌وه و پێلانێکیان داڕشت . ڕۆژی 5 ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1310 هه‌تاوی ( ڕۆژی 5 ی مارسی 1931 ی زاینی ) فه‌رمانده‌ی هێزی عێراقی له باشوری کوردستان به ناوی سه‌رهه‌نگ خه‌لیل زه‌کی و نوێنه‌رێکی پایه به‌رزی به‌ریتانیا به ناوی ڕۆبرتز* ، سواری فڕۆکه بوون و به‌ره‌و مه‌ریوان ڕویشتن و فڕۆکه‌که له ده‌شتایی قه‌راخ شار نیشته‌وه . له شاری سنه‌وه نوینه‌ری ئێرانیه‌کانیش به ناوی ژنڕاڵ مه‌حموود ئه‌مین هاته مه‌ریوان و له کۆبونه‌وه‌که به‌شداری کرد .
ئاکامی کۆبونه‌وه‌که:
1- کۆبه‌نه‌وه سێ قوڵیه‌که‌ی ئێران ، به‌ریتانیا و عێراق له قه‌ڵای مه‌ریوان به تیر و ته‌سلی کرا وئامانجی داگیر که‌رانی ده‌سته‌به‌ر کرد و سه‌رکه‌وتوانه نرخێندرا .
2- هه‌ر سێ حکومه‌تی داگیر که‌ر له سه‌ر هاوکاری به په‌له و ڕاسته‌وخۆ ڕێک که‌وتن . وهێزێکی لیهاتوو ، کارامه ، و داپڵوسێنهریان له هه‌ر دوو ولاتێ ئێران و عێراق بۆ ته رخان کرد.
3- بۆ ئاسان کاری بڕیاریان دا، هێزه‌کانیان له ئامێر و که‌ره‌سه‌ی نیزامی مودێڕن و له بێ سیم( بێ ته‌ڵ ) بۆ ڕاپه‌ڕاندنی خێرای هێرشه‌کانیان که‌ڵک وه‌ر گرن .
4- ڕۆژی 14 ی نه‌ورۆزی 1310 ی هه‌تاوی (چوارده‌ی مارسی 1931) دیاری کرا ، که ئاماده ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی هێرش کهنه سه‌ر گوندی پیران و شیخ مه‌حمود و لایه‌نگرانی قه‌ڵاچۆ که‌ن .
5- ڕوژی شانزده‌ی 16 نه‌ورۆزی 1310 هه‌تاوی ( شانزده‌ی مارسی 1931 ی زاینی ) دیاری کرا تا سه‌ربازه‌کانی ئێران له نزیک ئاوای پیران گه‌مارۆی هێزه‌کانی شیخ مه‌حمود بدات. و هه‌مان ڕۆژیش هیزه‌کانی عێراق پسکۆ پسکۆ به‌ره ئاوای پیران خۆیان نزیک که‌نه‌وه . و فڕۆکه‌کانی به‌ریتانیاش بۆ هێرشی هه‌وائی و بومبارانی گوندی پیران ئاماده بوون .
به جه‌ناب شێخ مه‌حمود ئولتیماتۆم درا ئه‌گه‌ر ده‌ست له به‌ره‌نگاری وخه‌بات هه‌ڵنه‌گرێ ، هه‌ر سێ هێزی ئینگلیزی، ئێرانی و عێراقی ” هێرشی به‌ر بڵاو و هاوکات ” بۆ سه‌ر هێزه‌کانی ده‌ست پێ ده‌که‌ن . به داخه‌وه ڕۆژی سیزده‌ی 13 ی نه‌ورۆزی 1310 ی هه‌تاوی ( سیزده‌ی مارسی 1931ی زاینی ) جه‌ناب شێخ مه‌حمودی مه‌لیک بڕیاری خۆی دا، و ده‌ستی له خه‌بات هه‌ڵگرت . ئه‌و شه‌وه به‌ره‌و پێنجوین ، گه‌ڕایه‌وه و وله کازیوه‌ی ڕۆژی چوارده‌ی نه‌ورۆزی 1310ی هه‌تاوی ( چوارده‌ی مارسی 1931 ی زاینی ) له گه‌ڵ نوێنه ری هه‌ره باڵایی به‌ریتانیا قسه و باسێکی دوور و درێژی ده‌بێت و . له‌و سهردەمهدا فڕۆکه‌وان ڤیڤان هۆڵت ، که به فڕۆکه جه‌ناب شێخ مه‌حمود و هیزه‌که‌ی چه‌ندین جار بوردومان کردوه له گوزارشێکدا بۆ حکومه‌تی به‌ریتانیای نوسیوه : شێخ مه‌حمود وه‌ک گاریباڵدی وا بوو . له کاتی گواستنه‌وه‌ی جه‌نابی شێخ بۆ سلێمانی خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که به گشتی و له کوێستانه‌کان و پێده‌شته‌کانه‌وه و ، هه‌روه‌ها خه‌ڵکی شاره‌کانی سلێمانی و که‌رکووکیش به‌ره و پێشوازی و دیدای ئاخر له شێخ ڕژانه سه‌ر ڕێگای و به چاوی فرمێسکاوی و ئه‌سرینه‌وه ده‌ستیان ماچ کرد و خودا حافزیان لێ کرد .
4- دوو نامه بۆ کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان !
دوونامه سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی حکومه‌تی کوردی له باشوری کوردستان له لایه‌ن” جافر سان” ی لهۆنه‌وه ساڵی 1310ی هه‌تاوی (1931 ی زاینی) بۆ کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان ناردراوه . جافر سانی لهۆن( 1942- 1885 زاینی) به جه‌ساره‌ته‌وه دژی ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیز هه‌ڵویستی گرتوه‌و، کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان وڵامی دوو نامه‌که ی داوه‌ته‌وه . ئه‌مما لورد پاسفیلد نوێنه‌ری به‌ریتانا ، ڕاپۆترتیکی بۆ حکومه‌تی ئینگلستان، که ئه‌و کاتانه بڕیار ده‌ری سیاسه‌تی جیهانی بووه نوسیوه و ئاماژه‌ی کردووه ، که جه‌عفه‌ر سوڵتان ئێرانیه و که‌سێکی یاخی و دژی به‌ریتانیا چه‌کی هه‌ڵگرتوه . له رۆژنامه‌ی” ئه‌خته‌ر” که عوسمانیه‌کان به زمانی فارسی چاپیان کردووه و به سنه و کرماشانیش گه‌یشتوه، ڕه‌نگه ئه‌م ڕوداوه باس کرابێت . ئه‌خته ر ڕوداوهسیاسیهکانی جیهانی ته‌رجومه ده‌کرده‌وه و بار و دۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌لی کوردی باس ده‌کرد . بیگومان رۆژنامه‌ی ژیان ، ئه‌م هه‌ڵویسته به نرخه‌ی تۆمار کردووه . جه‌عفه‌ر سوڵتان ساڵی1311 ی هه‌تاوی( 1932 ی زاینی) دژی حکومه‌تی ئێران ڕاپه‌ڕی و گه‌لێک سه‌رکه‌وتنی چاکی به ده‌ست هێنا . ئه‌مما ئه‌رته‌شی ئێران، بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه هێرشی به‌ربڵاوی له ده‌ڤه‌ری کرماشان ولهۆنهوه ده‌ست پێ‌کرد. جافر سان له ناچاری په‌نای به حکومه‌تی عێراقی برد و له شاری ڕومادی په‌نایان دا.
ته‌واو 26 03 2015
ڕوونکردنه‌وه:
* دیکومینتی زۆر له لایه‌ن مێژونوسانهوه تۆمار کراوه و، بیگومان بابه‌تێکی که‌م زانراو نین . ڕه‌نگه هه‌ندی له شارۆمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌م به‌ڵگه‌نامانه، که ده‌س چین کراون، ئاگادار نه بن.
1- گیوسپ گاریباڵدی : ڕێبه‌رێکی وڵاتی ئیتالیا بوه ، که له شۆڕشی مه‌زنی فه‌رانسا به‌شداری کردووه . هه‌موو ولایه‌ته جیاجیا و ئه‌ماره‌ته سه‌ربه‌خۆکانی ئیتالیای له ژیر یه‌ک ئاڵا ویه‌ک ده‌سه‌ڵاتدا کۆ کرده‌وته‌وه و قه‌واره‌ی جیوگرافی ئه‌مڕۆی ئیتالیای پێک هێنا . ته‌نانه‌ت دووڕگه‌ی سیسیل شی به زۆری شمشیر خسته سه‌ر خاکی ئیتالی.
2- بیلینسکی و گۆگۆل گۆرانیان به مێژووی گه‌ل ناو بردووه . گۆرانی هاو تای جوانیه و، له ناو ژانره‌کانی ئه‌ده‌بی فۆلکڵوردا ، جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه . ئه‌م شێعره فولکلۆڕیه، فراوان ترین هه‌ستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌ر ئه‌بڕێ.
قه‌ڵای مه‌ریوان ، پاڵم دا پێوه — قه‌ڵاکه‌م ڕووخا ، پاڵ بده‌م به کوێوه !
3 – ڕۆبرتز (Roberts ): ناوی نوێنه‌ری ئیمپڕاتوری به‌ریتانیا بووه ، که زمانی کوردی به باشی زانیوه و له کۆبونه‌وه‌که‌ی مه‌ریوان ، به‌رپرسی هه‌موو پیلانه‌کان بووه .
سه‌رچاوه‌کان : به زمانی ئینگلیزی، کوردی و فارسی بۆ زانیاری زۆر تر
1- Armstrong, H.C: Grey Wolf, Mustafa Kemal , London 1932
2- Hurevitz j.c : Diplomacy in the near and middle east .A documentary record 1914-1956
3- W.S Churchill . the second world war . london 195
4- Edmonds, kurds, turks and arabs. Politics travel and research in north Iraq . 1919-1925
1- مه‌حموود خانی دزڵی ، شۆڕشگێڕی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان .عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی، سلێمانی 2000
2- دوکتور که‌مال مه‌زهه‌ر ، ئاوڕ له مێژوو ده‌داته‌وه . ئاماده کردنی زانیار سه‌ردار قڕگه‌یی 2011
3- جه‌ماڵ نه‌به‌ز، کوردستان و شۆڕشه‌که‌ی، کوردۆ له ئاڵمانیه‌وه کردویه‌تی به کوردی ، بنکه‌ی چاپه‌مه‌نی ئازاد ،سوید 1985
1- ایلات و عشایر کردستان، عبدالحمید حیرت سجادی ،سنندج دانشگاه کردستان 1381 2- تاریخ روابگ خارجی ایران ،عبدالرچا هوشنگ مهدوی ،چاپ سوم انتشارات امیر کبیر ، تهران 1364