“مەیسەم رودەكی” پەنابەری سیاسی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی توركیە، رۆژی دووشەممە ئاگادار لە رێگای پۆلیسی ئەمنیەتیی توركیەوە، نامەی رەت كرانەوەی داواكاریی پەنابەریەتی وەرگرتووە.
بە پێی هەواڵی “زاگرۆس پۆست”، ئەم پەنابەرە سیاسیە، كە لە ساڵی 2011ی زایینیەوە خۆی بە دەفتەری كۆمیساریای رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ئانكارا ناساندووە، لە ساڵی 2012 لە لایەن ئەو رێكخراوە وەكوو پەنابەر وەرگیراوە و لە ریزی چاوەڕوانی بە مەبەستی گواستنەوە بۆ وڵاتی سێهەم بووە.
مەیسەم رودەكی لە ماوەی ساڵەكانی 1385 تا 1389 چەندین جار لە ئێران دەستگیر و دوایین جاریش 3 ساڵ لەوە پێش حوكمی تەعزیری بەسەردا سەپا، كە پاش ئازادكرانی لە زیندان، ئێرانی بەجێهێشت و روویكردە وڵاتی توركیە.
تۆمەتی سەر ناوبراو “تێكدانی ئەمنیەت و نەزمی گشتی توركیە” راگەیەندراوە.
پۆلیسی ئەمنیەتی توركیە مەیسەم روودەكی بە مەبەستی لێپرسینەوە و پێدانی هەندێ وردەكاریی بۆ ئەمڕۆ 28ی مانگی رەشەممە بانگهێشت كردووە.
پێشتریش ناوبراو لە 18ی ئەم مانگەدا لە بەردەم دەفتەری كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ئانكارا دەستی دابووە مانگرتن.
هۆكاری مانگرتنی ناوبراو، ناڕەزایی بە نادیاربوونی چارەنووس و كەمتەرخەمی ئەو رێكخراوە سەبارەت بە بەدواداچوونی دۆخی دۆسیەكەی بووە.