کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ دوو کادری دێرینی ده‌رکرد

کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێر دوو کادری دێرین ‘حه‌مه‌ موهته‌دی‌’و ‘خالد سیاده‌ت’ ی له ڕیزه‌کانی خۆی ده‌رکرد. دوو ڕۆژ پێش دوو کادری دێرینی کۆمه‌ڵه له لایه‌ن ته‌شکیلاتی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕه‌وه‌ به تۆمه‌تی ‘پێشێلکردنی پره‌نسیپه حزبییه‌کان‌و ئاماده‌نه‌بوون له کۆبوونه‌وه‌کان’ ده‌رکران‌و به‌‌و بۆنه‌وه هه‌ر یه‌که له حه‌مه موهته‌دی و خالد سیاده‌ت ڕوونکردنه‌وه‌یان بڵاو کردووه‌ته‌وه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی موهته‌دی‌و سیاده‌ت:

بۆ ڕای گشتی
ئەوڕۆ 20ی مانگی دێسامبری 2013 لە لایەن حیزبی کۆمەڵەوە هاوکات دو نامەی جیاواز، بەڵام وەک یەک، بۆ هەر یەک لە ئێمە موحەمەد موهتەدی و خالید سیادەت لە ڕێگای ئی‌مایلەوە هات کە هەر وەک دەبیندرێ بە مەبەستی ئەستاندنەوەی ئەندامەتی حیزبی کۆمەڵە لە ئێمە نوسراوە. لەو پیوەندیەدا بە پێویستی دەزانین کە وێڕای بڵاو کردنەوەی نامەکەی ئەوان، کورتە ڕونکردنەوەیەکیش بۆ ڕای گشتی بنوسین.
ئەو جۆرەی کە لەو نامەیەدا دەردەکەوێ هۆی ئەو بڕیارەی کاربەدەستانی حیزبی کۆمەڵە یەکەمیان ئەوەیە کە گۆیا ئێمە ئەرکە حیزبیەکانمان بەڕێوە نەبردوە، پرێنسیپەکانمان پیشێل کردوە و لە کۆبونەوەکاندا بەشداریمان نەکردوە، دوهەمیشیان و بە تایبەتی تەبلیغاتی مەنفی و هەوڵی بەردەوام بۆ دڵسارد کردنەوەی ئەندامانمان گرتۆتە پێش.
ئەو جۆرە داڕشتن و تەوزیحدانە بۆ بێدەنگ کردنی موخالیفینی سیاسی، شیوازێکی ئاشنا و کۆن و تاقی کراوەیە کە لە قوڵە دیکتاتۆرەوە تا دیکتاتۆری گەورە لەگەڵ ڕەخنەگرانی خۆیان بە کاریان هێناوە. ئەگەر کەسانێک کە ئێستا دایرەی دەسەڵاتیان لە حیزبێکی چکۆلە و بێ هێز تێناپەڕێ و بەو‌جۆرە لەگەڵ ڕخنەگرانی نێو حیزبەکە هەڵسوکەوت دەکەن، بڵێێ ئەگەر دەسەڵاتی زۆرتریان بکەوێتە دەست، خۆ لە کردەوەی قێزەونتر و نارەفیقانەتر بپارێزن!
ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک لە کادر و ئەندامانی لە مێژێنەی کۆمەڵە ساڵانێکە لە ئاست سیاسەتە هەڵە و ڕوخێنەرەکانی دەبیری کولی حیزبی کۆمەڵە، عەبدوڵا موهتەدی، هەڵوێستمان گرتوە و هەوڵمان داوە نەیەڵین لە ژێر نێوی کۆمەڵەدا، بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان و کۆمەلە و ئەرزش و بەهاکانی بخرێتە پێناو بەرجەوەندی شەخسیەوە. هەر لە تاکرەوی و قەبزە کردنی دەسەڵاتەوە تا گەندەڵی ماڵی و سیاسی و لە قاو دانی چەندین پێوەندی مەشکوک و جێی گومان، بابەتی قسەو باسی ئێمە لە هەمو کۆبونەوە حیزبیەکان و هەروها مەوزوعی چەندین نامەی ناوخۆیی بوە. ئەوە لە حاڵێکدابو کە ئەوان هیچ کات نەیان هێشت نامەکانی ئێمە لە کاناڵە حیزبیەکانەوە بگاتە دەستی ئەندامان. ئێمە تا ئیستاش هەوڵمان ئەوە بوە کە لە ڕێگای حیزبی و لە ناوخۆدا پێش بەو هەمو سیاسەتە کوشەندە و تێکدەرەی عەبدوڵا موهتەدی بگرین. بەڵام ئەو بە پشتگری ئەو چەند کەسەی کە تا ئێستاش بە هەر هۆیەک، بە دەوریەوە ماون دیسانیش هەڵەیەکی دیکەی کرد و ڕێگای دیالۆگ و هەڵسوکەوتی ڕەفیقانە و حیزبی بەست.
ئەوان ئەندامەتی حیزبی کۆمەڵەیان لە ئیمە ئەستاندۆتەوە، بەو هیوایە کە دەنگی ڕەخنەگرانەی ئێمە لە ئاست گەندەڵی ماڵی و سیاسی خۆیان خامۆش کەن. ئەو دەنگە تا ئێستا هەر لە ناوخۆدا بو، لەوە بەولاوە بە هێزتر لە جاران لە مێدیای بەرینی گشتیەوە بڵاو دەبێتەوە. ئەوان ئاگایان لێ نیە کە تەنانەت دیکتاتۆرە سەیر و سەمەرەکانی کورەی شومالیش لە دنیای ئەوڕۆدا ناتوانن خەڵک بێدەنگ کەن، ئەوانە چۆن دەتوانن ئێمە لە ستۆکهۆڵم و لەندەن و پاریس بێدەنگ کەن، لە حاڵێکدا کە لە ژێر دەسەڵاتی هەردوک ڕێژیمی شا و کۆماری ئیسلامیشدا بێدەنگ نەبوین.
لە کۆتاییدا پێویستە بڵێین کە عەبدوڵا موهتەدی خۆی لە مێژە کۆمەڵە و بزوتنەوەی خەڵکی کوردستانی لە پێناو بەرجەوەندی شەخسیدا بە جێ هێشتوە، ئێستا ئەندامەتی کوێ لە ئێمە دەستێنێتەوە! ئەوە ئێمەین کە کۆمەڵەین، باش وایە ئەو ئیتر لە نێوی کۆمەڵە بۆ گەیشتن بە ئامانجە شەخسیەکانی خۆی کەڵک وەرنەگرێ.
لە نوسراوەکانی داهاتوماندا زۆرتر ڕوونی دەکەینەوە کە ژێرپێ نانی پرێنسیپ یانی چی و کێ پرێنسیپەکانی ژێر پێ ناوە، کێ یەکریزی کۆمەڵەی لە ئاستێکی مێژوویدا تێکداوە و کێ لە خەونەکانیدا بۆ بە دەست هێنانی گۆشەیەک لە دەسەڵات لە داهاتوی ئێراندا بزوتنەوەی کوردستانی کردۆتە دەسمایە.
محەمەد مەهتەدی
خالید سیادەت
2013.12.20

ده‌قی نامه‌ی ده‌کردنی خالد سیاده‌ت‌و حه‌مه موهته‌دی: file:///C:/Users/kawa/Downloads/Khaled%20Siadat.pdf

وێنه: حه‌مه موهته‌دی

 

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.