هێزە نیزامیەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی، رێكاری توندوتۆڵیان خستووەتە سەر رێگای دانیشتووانی ئاواییەكانی دەوروبەری كێوی “شاهۆ” و بەو چەشنە گوشارێكی زۆریان خستووەتە سەر خەڵكی ناوچەكە.
بە پێی راپۆرتی ماف نیوز، لە ماوەی یەك هەفتەی رابردو هێزە نیزامیەكانی سەر بە سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی جێگیر كراو لە ناوچەی شاهۆ، بە بیانووی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ حیزبە سیاسیە كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشووری، گوشاریان خستووەتە سەر خەڵكی ئاواییەكانی دەوروبەری كێوی شاهۆ.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو، سپای پاسداران، بە ئاگر تێبەردانی دارستان و لێرەوارەكانی شاهۆ، پێش بە هاتوچۆی هاوڵاتییان بۆ هەندێ لە ناوچەكانیش دەگرن.
خەڵكی ئاواییەكانی ئەو ناوچەیەش مەجبوورن، بۆ هاتوچۆ كردن و لەوەڕاندنی ئاژەڵان و شاخەوانی كردن، بەڵگەی رەسمی وەربگرن.
سپای پاسداران هەروەها ئەو كەسانەی كە بۆ ئاژەڵداریی و هەنگداریی روو لە كێوی شاهۆ دەكەن، هەڕەشەیان لێ دەكەن و پێیان دەڵێن :” لە ئەگەری بەركەوتنی گوللەی لە لایەن هێزەكانی سپای پاسدارانەوە، بەرپرساریەتی گیانیان ناگرنە ئەستۆ”.
هەروەها هێزەكانی سپای بە خەڵكی ناوچەكەیان راگەیاندووە، كە ئەگەر هاوكارییان بكەن و دژی هێزە كوردیەكان كار بكەن، بەڵگەی هاتوچۆ كرنیان پێ دەدەن.
ئەو كێوە، وەكوو گەورەترین لووتكەی زنجیرە كێوەكانی زاگرۆس لە پارێزگای كرماشان دێتە ئەژمار.