سێ شه‌ممه‌ 10 ئه‌یلول 2024

داعش دژی پێشمەرگە چەكی شیمیایی بەكارهێناوە

ئەنجومەنی ئاسایشی باشوور كوردستان رایگەیاند، بەڵگەیان لەبەردەستە كە داعش لەبەرەكانی شەڕی دژ بە پێشمەرگە چەكی شیمیایی بەكارهێناوە.

ئەنجومەنی ئاسایش لە راگەیندراوێكدا باس لەوە دەكەن، كە ئاسەواری چەند تەقینەوەیەكیان بردووە بۆ پشكنین لە وڵاتانی ئوروپایی و دەركەوتووە ئەو مادانەی لەو تەقەمەنیانەدا بەكارهاتووە مادەی گازی كلۆری تیابووە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوێك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەڵگەی لەبەردەستە، كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە بەرەكانی شەڕ دژی هێزەكانی پێشمەرگه مەوادی كیمیاوی‌ بەكارهێناوە.
پاش ئەوەی رۆژی 23ی كانوونی دووەمی رابردوو ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو خۆی بە هێزەكانی پێشمەرگە تەقاندەوە، هێزەكانی پێشمەرگه بە مەبەستی ئەنجامدانی شیكردنەوە سەمپڵی خۆڵ و پاشماوەی تەقینەوەكەی كۆكردەوە و رەوانەی‌ تاقیگەی ولاتێكی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد. شیكردنەوەكە‌‌، كە لە تاقیگەیەكی باوەڕپێكراوی یەكێتی ئەوڕووپا ئەنجامدراوە، دەریخستووە سەمپڵەكان رێژەیەكی بەرچاو لە ماددەی كلۆریان تێدایه، كە لە دروستكردنی چەكی كیمیاوی بەكاردێت‌. ئەمەش‌ یەكەم لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتیییە، كە دەیسەلمێنێ داعش لە دروستكردنی چەكدا سوودی لە ماددەی كلۆر وەرگرتووە.
ئەنجوومەنی ئاسایش زۆر بە توندی ئیدانەی بەكارهاتنی ئەم چەكە یا هەر چەكێكی قەدەغەكراوی دیكە دەكات.  راستی پشتبەستنی داعش بە تاكتیكی وا بەڵگەی ئەوەیە، كە داعش لە پاشەكشە دایە، بۆیە نا ئومێدانە پەنا بۆ هەر ئامرازێك دەبات.
هێرشەكەی 23ی كانوونی دووەمی رابردوو لە شاڕێی 47 ی نێوان مووسڵ و سوریا لە چوارڕیانی كەسكێ روویدا، لە كاتێكدا هێزی پێشمەرگە لە پێگەی بەرگریدابوون لە پاش هێرشێكی دوو رۆژە بۆ سەر داعش، كە لەو هێرشەدا 200 كیلۆمەتر چوارگۆشە لە داعش پاككرایەوە‌ و زیاتر لە 200 تیرۆریستیشی لێ كوژرا. هەروەها نزیكەی 20 بوتڵە غازی پڕكراو لە ماددەی كلۆر لە  لۆریەك باركرابوو تا لە تەقینەوەكە سوودی لی وەربگرێ.
ماوەیەكی زۆرە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان گومانیان هەیە، كە داعش لە شەڕەكانیدا مادەی كیمیاوی بەكاردەهێنێ، تەنانەت لەم شەڕەی دوایی، كە لە دەوروبەری تكریت روویدا، لە هێرشێكی هاوشێوەی تۆماركراو بە ڤیدیۆدا دوكەڵی پرتەقاڵی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش نیشانەی بەكارهێنانی ماددەی كلۆرە. واتە داعش جارێكی دیكە دوای لە دەستدانی شارەكە ئەم چەكەی بەكارهێنایەوە، ئەمەش دەریدەخات هەر كاتێك داعش تووشی شكستی گەورە بێتەوە كلۆر وەك چەك بەكاردەهێنێ. ئەم دوو نموونەیەش نیشانەی ئەوەن داعش لەژێر گوشار دایە و  بەردەوام خاك لە دەست دەدات.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.