هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

60%ی كەلوپەلی قاچاخی ئێران لە سنوورە ڕەسمییەكانەوە هاوردە دەكرێ

لە حاڵێكدا كە هەفتەی ڕابردوو وەزیری ناوخۆی ئێران باسی لە كارتێكەریی “پارەی پیسی” قاچاخكردنی مادەهۆشبەر لە ناوەندەكانی سیاسەت‌و هەڵبژاردن كردبوو، ئێستا كاربەدەستێكی دیكەی كۆماری ئیسلامیی دەڵێ، 60%ی كەلوپەلە قاچاخەكان لە خاڵە سنوورییە ڕەسمییەكانی ئێرانەوە دێنە ناوخۆی وڵات، هەواڵێك كە بەشێكی دیكە لە گەندەڵیی سیستماتیكی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشكرا دەكا.

محەممەدڕەزا دیانی، سەرۆكی كۆڕی خوڵقاندنی كار لە ئێران وێڕای ئاماژە بەم بابەتە دەڵێ هەر ئێستا 95%ی ئەو كەسانەی كارتی بازرگانیان هەیە، كەسایەتی حەقیقین، بەڵام زۆربەی ئەم كەسانە تەنیا بە ناو كارتی بازرگانیان وەرگرتووەو تەنانەت بۆخۆشیان نازانن كە ماوەیەك لەوەپێش هەواڵێك بڵاوكرایەوە كە 1800 ماشێنی لووكسی بیانی بە ناوی پیرەژنێكی نیشتەجێ لە یەكێك لە ئاواییەكان بۆ ئێران هاوردە كراوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێ، هەمیشە جیاوازی نێوان كەلوپەلی هاوردە و كەلوپەلی تۆماركراو لە گومرك، ئامار و بڕی قاچاخ دەرناخات، لەبەر ئەوەی كە زیاتر لە 50 تا 60%ی كەرەستە قاچاخكراوەكان لە ڕێگەی قاچاخی ڕەسمین، یانی هاوردەكارانی كەلوپەلەكان لە ڕێگەی تەعرەفەی كەلوپەلێكی دیكە، كەلوپەلی قاچاغ هاوردە دەكەن.

لەقاودانی ناوبراو لەبارەی قاچاخ پاش ئەوە بوو كە هەفتەی ڕابردوو حەبیبوڵڵا حەقیقی سەرۆكی “ستادی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ كەلوپەلی قاچاخ و دراو”یش ڕایگەیاند، ئاستیی ماڵیی قاچاخ لە ئێران ساڵانە 60 هەزار میلیارد تمەنە، ئەمەش لە حاڵێكدایە، كە بوودجەی ئاوەدانكردنەوەی یەك ساڵی ئێران تەنیا 30 هەزار میلیارد تمەنە.

عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران پلەبەرزترین كاربەدەستی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، كە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاماژەی بە پێوەندیی ڕاستەوخۆی قاچاخ و سیاسەت كردووە.

ناوبراو قسەكانی خۆی بە باسێك لەسەر قاچاخی كەلوپەل دەست پێكردو گوتی، ئامارگەلێك سەبارەت بە قاچاخكردنی كەلوپەل بە بڕی 10 هەزار میلیارد تمەنی بۆ نێوخۆی ئێران بڵاوكراوەتەوە. ئەگەر قاچاخی مادەی هۆشبەریش 10 هەزار میلیارد تمەن بێ، دەتوانین بڵێین كە 20 هەزار میلیارد تمەن لە ڕێگەی نهێنییەوە دێتە نێو ئابووریی ئێران و ناتوانین بڵێین كە ئەم ئابوورییە سالمە و كەسانێك كە ئەم پارانەیان هەیە بە ئاسانی دزە دەكەنە هەموو شوێنێك‌و دەتوانن هەموو كەس و قانوونیش بكڕن.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.