مەسعود مەنسوور جێگری پارێزگاری و كاروباری رزەوی و زاری رێكخراوی جەنگەڵەكان، لێرەوارەكان و ئاوخێزداریی ئێران وتی: ساڵانە 7 میلیۆن میتری چوارگۆش دارستان و لێرەوار، بە مەبەستی دابینكردنی سووتەمەنیی دانیشتووانی ئاواییە جەنگەڵیەكان كەڵكی لێ وەردەگیردرێت.
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێریی حكومەتیی ئیرنا، مەسعود مەنسوری دەڵێ: كەڵك وەرگرتن لە دارە جەنگەڵیەكان بووەتە هۆی ئەوەیكە “بەشێك لە جەنگەڵەكان لەگەڵ قەیرانی كەڵك لێوەرگرتن بەرەوڕوو ببنەوە”.
پانتایی جەنگەڵەكانی ئێران لە نێوان 11 تا 14 میلیۆن هێكتاردایە.
ناوبراو گوندێكی 70 ماڵیی لە چوارمەحاڵ و بەختیاری وەكوو نموونە دیاریی كردووە، كە هەر بنەماڵەیەكی مانگانە هەزار و 562 میتری چوارگۆش دار لە جەنگەڵەكان هەڵدەگرن.
ئەو كاربەدەستەی رێكخراوی جەنگەڵەكان، وەزارەتی نەوب بە بەرپرسیاری دابین كردنی سووتەمەنی دەزانێت و هیوای خواست، كە بە گەیاندنی سووتەمەنی بۆ ناوچە جەنگەڵیەكان، “گوشار لە سەر سەرچاوە جەنگەڵیەكان” كەم بكرێتەوە.
بە وتەی مەنسور، ناوچە قەیراناوییە جەنگەڵیەكان، كە رێژەی كەڵك لێوەرگرتنیان لە لایەن دانیشتووانی ئاواییەكانەوە زیادی كردووە، ناسێندراون و رێژەكەیان دراوەتە وەزارەتی نەوت.
ناوبراوی وتیشی: “وزە نوێیەكان لەوانە وزەی خۆر بۆ جەنگەڵنشینەكان كەڵكی ئابووریی هەیە و دەتوانێ لە قەیراناوی بوونەوەی رێژەی كەڵك وەرگرتن لە سەرچاوە جەنگەڵیەكان پێشگیری بكات.”
وێڕای ئەوەیكە خێرایی كەڵك وەرگرتن لە وزە دووبارە بووەكانی وەكوو وزەی خۆر و با لە جیهان پەڕەی سەندووە، بەڵام كەڵك وەرگرتن لەو چەشنە وزەگەلە لە ئێران رەوتێكی زۆر هێواش و خاوی هەیە.
جێگای باسە، بە چەندین هۆكاری وەك “ئاگركەوتنەوە، نەخۆشی، كەڵك وەرگرتنی بێ سەرەوبەرە، كەمتەرخەمی و هتد…” تا ئێستا چەند میلیۆن میتری چوارگۆش لە دارستان و لێرەواری زنجیرە چیاكانی زاگرۆس كە 12 پارێزگای ئێران و بەتایبەت 4 پارێزگای كوردشینی “ئیلام، كرماشان، سنە و ورمێ” لەخۆی دەگرێ، لەنێو چووە و دەوڵەت هیچ هەوڵێ بۆ پێشگرتن لە كارەساتە ژینگەییە نەخستووەتە بەرنامەی كاری خۆیەوە.