ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای شارەكانی مەهاباد و سەردەشت، باس لەوە دەكەن، كە 3 كەس لە 6 زیندانیە سیاسیە مەحكوم بە ئێعدامەكە هێشتاكە زیندوون.
بە پێی ئەو هەواڵانەی كە بە “زاگرۆس پۆست” گەیشتووە، پاش سەردان و بەدواداچوونی بنەماڵەی “سیروان نژاوی و ایبراهیم عیساپوور” بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای شارەكانی مەهاباد و سەردەشت، پێیان راگەیەندراوە كە هەتا ئێستا ئەم 2 زیندانیە سیاسیە ئێعدام نەكراون.
لە درێژەی هەواڵەكەدا هاتووە: پاش ئەوەیكە بنەماڵەی ئەو 2 زیندانیە سیاسیە بە بەردەوامیی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای شارەكانی مەهاباد و سەردەشتیان كردووە، لە لایەن كاربەدەستانی ئەو ناوەندانەوە، پێیان راگەیەندراوە كە هەتا ئێستا ناوبراو ئێعدام نەكراون و ئەگەر ئێعدامیان بكەین لە هیچ كەسێك باكمان نیە كە هەواڵەكەی بڵاو كەینەوە.
لە هەواڵێكی دیكەدا، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە زاگرۆس پۆستی راگەیاندووە: كە هەتا ئێستا “یونس ئاقاییان” ئێعدام نەكراوە و كاتی ئێعدامی ناوبراو وەدواخراوە.
هەر لەم پەیوەندەدا ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسی راگیراو لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد، ئەگەری لە سێدارەدان و بێ سەروشوێن بوونی چارەنووسی 6 چالاكی سیاسی كوردی مەحكوم بە ئێعدامیان بە توندی مەحكوم كردووە و خوازیاری روونكردنەوە لەوی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەو بارەوە بوون، تا نیگەرانیەكان و دڵەڕاوكێی خەڵك و بنەماڵەی ئەو چالاكانە لەو پەیوەندەدا كۆتایی پێ بێت.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، 6 كەس لە چالاكانی سیاسی كورد بە ناوەكانی : “عەلی ئەفشاری، حەبیب (رزگار) ئەفشاری، سامان نەسیم، سیروان نژاوی، ئیبراعیم عیسا پوور و یونس ئاقاییان” لە پێڕۆانی دینی یارسان، رێكەوتی چوارشەممە 29ی مانگی رێبەندان بە مەبەستی جێبەجێ كردنی حوكمی ئێعدامەكەیان رەوانەی ژووری تاكەكەسی كران و هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات بنەماڵەی “عەلی و حەبیب ئەفشاری و هەروەها سامان نەسیم”ی ئاگادار كردووەتەوە كە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی رۆڵەكانیان سەردانی ناوەندە ئەمنیەتیی و قەزاییەكان بكەن و تا كاتی ئامادەكرانی ئەم هەواڵە، هیچ زانییارییەكی زیاتر لەو پەیوەندەدا بڵاو نەبووەتەوە.