هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی لە سەر سنوور بانە، بە هێرش بۆ سەر كۆمەڵێ لە كۆڵبەران و كاسبكارانی كورد، كاسبكارێكیان بریندار كرد و لانیكەم 94 میلیۆن تمەن لە كەلوپەلی ئەو كاسبكارانە لە لایەن هێزە چەكدارەكانەوە دەستی بەسەردا گیرا.
بە پێی راپۆرتی ماف نیوز، بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 2ی رەشەممە هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەی سەر سنووری شاری بانە، كۆمەڵێ كۆڵبەر و كاسبكاری كورد دەدەنە بەر دەستڕێژیی گوللە و لە ئاكامدا كاسبكارێك بە ناوی “مەنسوور رۆستەمی” خەڵكی ئاوایی “ئاوان” سەر بە بەشی ناوەندیی شاری بانە بریندار كراو لانیكەم 94 میلیۆن تمەن لە كەلوپەلەكانی ئەو كاسبكارانەش دەستی بەسەردا گیرا.
لەو هێرشەی سەر كاسبكاران لە ناوچەی سنوورییەكانی شاری بانە، 40 سەر ئاژەڵی بارهەڵگری ئەو كاسبكارانەش كە تەنیا بۆ دابین كردنی بژیوی ژیانی خۆیان كەڵكیان لێ وەردەگرت، بە هۆی تەقەی هێزە چەكدارەكانەوە كوژراون.
ساڵانە بە دەیان كۆڵبەر و كاسبكار، بە هۆی نەبوونی هەلی كار و بە شێوەی زۆرەملێ روو دەكەنە كاری پڕ مەترسی و تاقەت پڕوكێنی قاچاخی كەلوپەل لە سەر سنوورەكان دەكەن و بەو بۆنەوە لە لایەن هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیەوە بە بەردەوامی دەكەونە بەر دەستڕێژیی گوللە و بەرەوڕووی خەساری گیانی و ماڵی دەبنەوە.
زۆربەی كاسبكاران و كۆڵبەران لە بەرامبەر گواستنەوەی كەلوپەل لە سنوورەكاندا، تەنیا پارەی گواستنەوەكەیان پێ دەدرێت و لە ئەگەری لەنێوچوونی كەلوپەلەكان یان دەستبەسەراگرتنی، دەبێ خۆیان خەسارەتەكەی بدەنە خاون بارەكان.