بە مەبەستی ناڕەزایی بەرامبەر بە سەپاندن و جێبەجێ كردنی سزایی سەدە ناوەڕاستیی ئێعدام، لە شاری هەوڵێر خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی دەربڕین سازدرا.
بە پێی هەواڵی “زاگرۆس پۆست”، ژمارەیەكی بەرچاو لە كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان و حیزب و رێكخراوە سیاسی و مەدەنیەكان، رۆژی شەممە 2ی مانگی رەشەممە بە ئامادەبوون لە بەردەم پارلمانی باشووری كوردستان، ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر لەسێدارەدانی 6 زیندانیی سیاسی لە زیندانیی ورمێ دەربڕی و خوازیاریی هاوسۆزیی زیاتری كوردانی باشووری كوردستان لەگەڵ هاونیشتمانیانی رۆژهەڵات بوون.
لەو خۆپیشاندانەدا كە یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پارلمانی كوردستانیش ئامادە بوو و چەند وتەیەكی پێشكەشی بەشداربووان كرد و دواتر چەندین دروشمی وەكوو: “ئێران دژی كوردانە داعش هەمان ئێرانە، كۆماری سێدارە بڕۆ دەرچۆ لەمشارە، داعش ایران، داعش تیرۆریست” وترایەوە.
پاشان خۆپیشاندەران بۆ ماوەی چەند خولەكێك شەقامی بەردەم پارلمانیان داخست و بەو بۆنەوە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیل لە شوێنی كۆبوونەوەكە راوەستان و هەندێكیان هاوسۆزیی و برایەتی خۆیان لەگەڵ كوردستانی رۆژهەڵات دەربڕی.
شایانی باسە، لەو خۆپیشاندانەدا جگە لە رێكخراوە مەدەنیەكان وەكوو لایەنی حیزبی “كۆمەڵەی زەحمەتكێشنی كوردستان، چەند ئەندامێكی حیزبی دیموكرات و پژاك” بەشدار بوون.