هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

كۆمەڵەی زەحمەتكێشان راگەیاندنێك لەسەر لەسێدارەدانی 6 بەندكراوی سیاسی بڵاودەكاتەوە

لەراگەیەنراوێكدا كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەسێدرەدانی شەش بەندكراوی سیاسی لە زیندانی ورمێ مەحكوم دەكات‌.

کۆمەڵە لە راگەیانراوەکەیدا داوا لەسەرجەم حیزب‌و لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان، بە تایبەت حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و خەڵكی ئازادی خوازی كوردستان دەكەین بە ئیدانەكردن‌و ریسواكردنی ئەم جینایەتە، جارێكی دیكە كۆماری ئیسلامی ریسوا بكەن‌و بە سازدانی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی تاوانەكانی رژیمی ئیسلامی ئێران دژی خەڵكی كوردستان مەحكوم بكەن.
دەقی راگەیاندنەكەی كۆمەڵە:

راگەیاندنی كۆمەڵە سەبارەت بە لەسێدارەدانی 6 هەڵسوڕاوی سیاسی

كۆماری ئیسلامی جارێكی دیكە سەلماندی كە دوژمنی هەمیشەیی خەڵكی كوردستانە‌و ئەمجاریش لە جینایەتێكی دیكەدا شەش بەندكراوی سیاسی دیكە لەلایەن دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی لە زیندانی ورمێ لەسێدارەدران.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی شەش بەندكراوانی سیاسی لەزیندانی ورمێ كە پێنجیان كوردن لەوانە: سامان نەسیم، ئیبراهیم عیساپور، سیروان نەژاوی، عەلی ئەفشاری، رزگار ئەفشاری‌و یونس ئاقائیان جارێكی دیكە سیمای نامرۆڤانە‌و دڕندانەی كۆماری ئیسلامی بۆ خەڵكی كوردستان‌و هەموو جیهان ئاشكرا كرد.

هەفتەی رابردوو شەش بەندكراوی سیاسی لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێكی نادیار گواسترانەوە‌و ئەمرۆ هەینی هەواڵی لەسێدارەدانیان بڵاوكرایەوە. زیندانیانی سیاسی عەلی‌و رزگار ئەفشاری كە پێشتر  پێشمەرگەی كۆمەڵەی زحمەتكێشانی كوردستان بوون، لەسەرماوەزی ساڵی 1389 لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامی دەستگیر‌و بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵە سزای لەسێداردانیان بەسەردا سەپا. عەلی‌و رزگار برای محەمەد ئەمین ئەفشاری پێشمەرگەی فیدكاری كۆمەڵەبوون كە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئیسلامی لە ساڵیادی گیابنەختكردنی محەمەد ئەمین ئەفشاری واتە 2ی رەشەمە، عەلی‌و رزگاری برایان لەسێدارەدا.

هەروەها سامان نەسیم خەڵكی مەریوان، ئیبراهیم عیساپور‌و سیروان نەژاوی خەڵكی سەردەشت بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پژاك‌و، یونس ئاقائیان چالاكوانی یارسان خەڵكی میاندواو لەلایەن جەلادانی كۆماری ئیسلامی لەسێدارەدران.

لەسێدارەدانی بەندكراوانی سیاسی كورد لە ماوەی دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی لەئێران شتێكی تازەنەبووە‌و نیە‌و، ساڵ‌و مانگ‌و رۆژ نیە كە جەرگی بنەماڵەیەكی خەڵكی كوردستان بە هۆی تاوان‌و جینایەتی كۆماری ئیسلامی نەسوتێت‌و رۆڵەكانیان توشی زیندان‌و ئەشكەنجە‌و لەسێدارەدان نەبنەوە.

لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندكراوەی كورد لەكاتێكدایە كە پێشتر  ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ‌و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە چەندین بەیاننامە‌و راگەیاندن خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوكمی نامرۆڤانەی لەسێدارەدانیان‌و سازدانی میتینگ‌و گردبوونەوەی ناڕەزایی بوون، بەڵام كۆماری ئیسلامی وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی‌و بۆ مانەوەی سیستمی دیكتاتۆری‌و دژە ئینسانی خۆی، دیسان بە لەسێدارەدانی هەڵسوڕاوانی سیاسی هەوڵەكانی بۆ تۆقاندن ‌و رووخانی ورەی خەڵكی كوردستان‌و ئێران خستەگەڕ.

ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان داوا لەسەرجەم حیزب‌و لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان، بە تایبەت حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و خەڵكی ئازادی خوازی كوردستان دەكەین بە ئیدانەكردن‌و ریسواكردنی ئەم جینایەتە، جارێكی دیكە كۆماری ئیسلامی ریسوا بكەن‌و بە سازدانی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی تاوانەكانی رژیمی ئیسلامی ئێران دژی خەڵكی كوردستان مەحكوم بكەن.

كۆمەڵە سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە‌و كەسوكار‌و هاوڕێیانی ئەو شەش بەندكراوە سیاسییە دەكات‌و دڵنیایە خوێنی بەناحەق رژاوی ئەو بەندكراوانە دەبێتە هەوێنی رق‌و توڕەیی خەڵكی كوردستان دژ بە دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی لە ئێران‌و كوردستان.

بەرز‌و بەڕێزبێت یادی هاوڕێیان عەلی‌و رزگاری ئەفشاری‌و چوار لەسێدارەدراوی دیكەی کورد

بروخێ رژیمی ئیسلامی ئێران

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
1ی رەشەمەی 1393- 20 فێوریەی 2015

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.