ڕۆژنامەیەكی ئەمریكایی دەڵێت: چەكدارەكانی سەر بە ئێران كە لە عێراقدان، ڕۆڵێكی بەرچاویان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و ژمارەشیان لە ژمارەی سەربازانی سپای عێراق زیاترە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی كردەوە: ژمارەی چەكدارەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، لەنێوان 100 هەزار بۆ 120 هەزار كەسە و ئەو ژمارەیەش لە ژمارەی سەربازانی سپای عێراق زیاترە كە ژمارەیان تەنیا 48 هەزار سەربازە.
وەك ڕۆژنامەكە ئاماژەی پێكردوە: هێرشەكانی فەیلەقی بەدر بۆ سەر چەكدارانی داعش لە پارێزگای دیالە، پێگەی چەكدارەكانی سەر بە ئێرانی لە جیاتی ئەمریكا لە عێراق بەهێزتر كردووە.
ڕۆژنامەكە لە زاری مایكل نایتس- توێژەر لە زانكۆی واشنتۆن بۆ سیاسەتی باشووری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاندوە: ئەگەر هێرشەكانی ئەمریكا بەم شێوەیەی ئێستا لە دژی داعش بەردەوام بن، داعش دەبەزێنێت و عێراقیش بۆ بەرژەوەندیی ئێران لە دەست دەدات.
بەوتەی ئەو توێژەرە: لە سایەی ئەو چەكدارە شیعانەی نزیك بە ئێران ، عێراق وەك لوبنانی لێدێت كە خاوەنی حكومەتێكی لاوازە و حزبوڵڵاش شان بەشانی حكومەت، دەسەڵاتی هەیەو خاوەن پێگەیە.
جێگای ئاماژەیە، تا ئێستا رێژەیەكی زۆر لە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریە و لە پشتیوانی لە دەوڵەتەكانی ئەو 2 وڵاتە كوژراون و دەوتێ، تا ئێستا شەڕ تەنیا لە سوریە، نزیكەی 15 میلیارد دۆلار تێچووی بۆ ئێران هەبووە.