هەواڵنێرییەكانی تەسنیم و فارس، سەر بە سپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە 28ی مانگی رێبەندان هەواڵی كوژرانی “تەلەبە”یەكی لاوی ئێرانی بە ناوی “محەمەدهادی زولفەقاریی” لە شاری سامرەی عێراق بڵاو كردەوە.
بە پێی ئەم راپۆرتە، زولفەقاریی رۆژی 26ی رێبەندان و بەهۆی تەقینەوەی تەلەیەك كە هێزەكانی داعش دروستیان كردبوو، كوژراوە.
هەواڵنێریی تەسنیم ئەو تەلەبە ئێرانیەی وەكوو “لایەنگری حەرەم” ناولێبردووە و لە درێژەشدا دەڵێ: ناوبراو لە حەوزەی عێلمیەی نەجەف سەرقاڵی خوێندن لە بواری زانستی دینی بووە.
بە وتەی ئەو هەواڵنێرییە، تەرمەی ناوبراو بە پێی وەسیەتنامەكەی خۆی لە گۆڕستانی وادیەلئیسلامی شاری نەجەف دەنێژرێت.
شاری سامرا لە 110 كیلۆمیتری باكووری بەغدا و یەكێك لەو شارانەیە كە زۆرتر خەڵكی سونەی تێدایە، بەڵام زیارەتگای شیعەكانە.
گۆڕی ئیمامەكانی دەیەم و یازدەیەمی شیعەكان لەو شارە دایە.
گرووپی حكومەتی ئیسلامی پێشتر هێرشەكانی خۆی بۆ داگیر كردنی ئەو شارە چڕتر كردبوو.
راگەیاندنەكانی ئێرانی 10 رۆژ پێش ئێستاش بڵاویان كردەوە، كە سەید رەزا حسێنی موقەدەم، جێگری زانیاریی عەمەلیاتی لەشكری پەنجی نەسر، لە شەڕ لەگەڵ هێزەكانی گرووپی حكومەتی ئیسلامی لە نزیك سامرا كوژراوە.
پێشتریش لە رۆژی 21 مانگی بەفرانبار هەواڵی كوژرانی یەكێكی دیكە لە فەرماندە ئێرانیەكان لە عێراق بە ناوی “مێهدی نەوروزی” لە ئەندامانی شورای فەرماندەیی پایەگای بەسیجی شەهید تەیموری نیای كرماشان، لە شاری سامرا بڵاو كرایەوە.
رۆژی شەشی مانگیش حەمید تەقەوی لە فەرماندە باڵاكانی سپای قودس بوو بە ئامانجی تەقەی “قەناس بەدەستەكانی” گرووپی داعش لە سامرا و و كوژرا.
عەلی شەمخانی بەرپرسی شورای باڵای ئەمنیەتی میللی ئێران، لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی تەقەوی وتبووی: “ئەگەر تەقەویەكان لە سامرا خوێن نەدەن دەبێ لە سیستان، ئازەربایجان، شیراز و ئیسفەهان خوێن بدەن”.
فەرماندەكانی سپای پاسدارانی ئێران دەڵێن، كە بۆ یارمەتی گەیاندن بە دەوڵەتی عێراق لە شەڕ دژی چەكدارە ئیسلامیەكانی “حكومەتی ئیسلامی”، “موستەشاری نیزامی”یان بۆ ئەو وڵاتە نادرووە.
هاوكات بە بڵاوكردنەوەی هەواڵگەلێك سەبارەت بە كوژرانی هێزە نیزامیەكانی ئێران لە عێراق، هەواڵ و راپۆرتگەلێك سەبارەت بە كوژرانی ژمارەیەك لە فەرماندەكان و هێزەكانی سپای پاسداران لە سوریەش لە لایەن هەواڵنێریی و ماڵپەڕەكانی ئێرانەوە بڵاو كرایەوە.
لە دوایین هەواڵدا، هەواڵنێریی حكومەتیی تەسنیم باسیان لە كوژرانی عەباس عەبدوڵڵاهی، یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی سپای پاسدارانی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ عەلی سوڵتان مورادی، لە رۆژی 23ی رێبەندان لە سوریە كردووە.
پێشتر لەوەش هەواڵنێریی رەسا لە ئێران هەواڵی كوژرانی نزیكەی 20 ئەندامی سپای پاسداران لە سوریە كردبوو.
لە ماوەی رۆژانی كۆتایی مانگی رەزبەریش هەواڵنێریی حكومەتیی ئیرنا رایگەیاند، جەبار دەریساوی، یەكێك لە فەرماندەكانی سپای پاسداران، لە سوریە كوژراوە.