پاش رفاندنی لیوایەكی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن هێزەكانی سپای پاسدارانی ئێران لەشاری هەڵەبجە، رێكخراوی كوردۆساید هۆشداری دەداتە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.
رێكخراوی چاودێری كوردۆساید لە بەیاننامەیەكدا حزبەكانی رۆژهەڵات كە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانی عێراقدا نیشتەجێن، لە جموجۆڵەكانی ئەو دواییەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاگادار دەكاتەوە.
لە بەیاننامەكەدا، دووپات لەوە كراوەتەوە كە سیاسەتەكانی ئامریكا، بووەتە هۆی ئەوەی ئێران زیاتر دەست لە كاروباری وڵاتانی دەورووبەری وەربدات و ئەگەریش دانووستانە ناوەكییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن سەركەوتوو نەبێت، ئێران دژكردەوە نیشان دەدات و بۆ دروستكردنی ئاژاوە لە ناوچەكەدا، هەموو كارێك دەكات.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، “دەستگركردنی لیوا بەهائەدین محەمەد و دوو لە هاوڕێیانی لەلایەن سپای پاسدرانەوە، هۆشدارێكە بۆ هەموو كوردەكانی رۆژهەڵات كە لە سلێمانی نیشتەجێن و بەتایبەت پێشمەرگەكانی كۆمەڵە و دیموكرات”.
بەهائەدین محەمەد لیوای خانەنشینكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەم رۆژانەی دواییدا لەگەڵ دوو لە پاسەوانەكانی لە ناوچەی نەورۆڵی هەورامان، لەلایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستگیر كران. دوای چەند سەعاتێك، ئەو كەسانە ئازاد كران.
چاك دووپاتی دەكاتەوە كە لە نزیكەوە ئاگاداری هەموو جموجۆڵەكانی ئێران و هاوكارانیەتی و هیوادارە هێزە كوردییەكان، هاوكاری تەناهیی زیاتریان بە یەكەوە هەبێت و بە تەواوی ئاگاداری خۆیان بن.
چاودێری كوردۆساید (چاك) ڕێكخراوێكی مەدەنی سەربەخۆیە و لەسەر پرسەكانی تاوانەكانی جینۆساید و جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ھەموو ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مافی مرۆڤی كوردستان كراون، كار دەكات. ئەو رێكخراوەیە لە ساڵی2002 دامەزراوە و لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپایی و پارچەكانی كوردستان، لق و نوێنەرایەتی هەیە.