دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە 25ی مانگی رێبەندان وەزیری ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئیدعای ئەوەی كرد، كە هێزەكانی ئەوان گرووپێكی تیرۆریستییان لە ناوچەی سیستان و بەلوچستان دەستیگر كردووە.
بە پێی وتەكانی “مەحمود عەلەوی”، سەربازە گومناوەكانی ئیمام زەمان بە یارمەتی خەڵكی ناوچەی سیستان و بەلوچستان توانیویانە لە رێكەوتی 16 و 22ی رێبەندان لە سنوورەكانی باكووری رۆژهەڵاتی ئێران كە دەكاتە سنووری سیستان و بەلوچستان، گرووپێكی تیرۆریستییان دەستگیر كردووە و بە بۆنەشەوە وێنەی هەندێ چەك و تەقەمەنییان بڵاو كردووەتەوە.
بە وتەی ئەو كاربەدەستەی كۆماری ئیسلامی، لەو عەمەلیاتەدا بڕێكی زۆر چەكی گەرم و ساردی لە جۆری چەقۆ، كۆڵت، كڵاشینكۆف، نارنجۆك، جلیقەی خۆتەقاندنەوە و بە گشتی 350 كیلۆ چەك و تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیراوە.
شایانی باسە، ساڵانێكە لە سنوورەكانی سیستان و بەلوچستان لەگەڵ وڵاتانی پاكستان و ئەفغانستان، لە نێوان گرووپە بەلوچ و هێزەكانی كۆماری ئیسلامی شەڕ و تێكهەڵچوون لە ئارادایە و لە ماوەی یەك ساڵی رابردووشدا تا ئێستا بە دەیان كەس لە هێزە حكومەتیەكان كوژراو و بریندار بوون و بە دەیان چالاكانی بەلوچ لە دەستگیر و لە زیندان لەسێدارە دراون.