لە ماوەی رۆژانی شەممە و یەكشەممەی ئەم هەفتەیە لە زیندانە جیاجیاكانی ئێران 9 كەس لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە لەسێدارە درا.
بە پێی راپۆرتی كەمپەینی چالاكانی بەلوچ، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 25ی مانگی رێبەندان 2 زیندانی بەلوچ بە ناوەكانی “حامد كەهرازهی” كوڕی نەورۆز و 28 ساڵ تەمەن و هەروەها “مۆبەشر میر بەلوچ زێهی” لە زیندانی چابەهار و لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەكانی كۆماری ئیسلامیەوە، بە تاوانی موحاربە لە رێگای دزیی كردن بە چەكەوە پاش 4 ساڵ لەسێدارە دران.
هەروەها لە سەرچاوە هەواڵنێرییەكانی كۆماری ئیسلامی باس لە ئێعدامی پیاوێكی تەمەن 43 ساڵ خەڵكی گیلان بە تاوانی قاچاخی مادەهۆشبەرەكان دەكەن كە ئەویش رۆژی شەممە لەسێدارە دراوە.
كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێرانیش لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، كە رۆژی یەكشەممە 26ی مانگی رێبەندان 4 كەس لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز و 2 كەس لە زیندانی شەهابی كرمان لەسێدارە دراون.
دەوترێ كەسێك بە ناوی “ئەسغەر شەعبانی” و “مێهرداد ئابشیرین” لە زیندانی شەهابی كرمان لەسێدارە دراون.
هەروەها لە زیندانی عادڵ ئابادی شیرازیش 4 كەسی دیكە بە تاوانی دزیی كردن بە چەكەوە لەسێدارە دراون.
شایانی باسە، لە سەرەتای ئەم مانگی رێبەندانەوە تا ئێستا كە 27 رۆژی لێ تێپەڕیوە نزیكەی 50 كەس لە زیندانە جیاجیاكانی ئێران و لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەكانی كۆماری ئیسلامیەوە لەسێدارە دراون.