راپۆرتی رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور بۆ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی دەرخەری ئەوەیە كە دۆخی ئازادیی چاپەمەنییەكان لە ئێراندا بەرەو خراپ بوون رۆیشتووە.
رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی ٢٣ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، راپۆرتی ئازادیی چاپەمەنییەكان، رۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی لە سەرتاسەری جیهان تایبەت بە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بڵاو كردەوە.
رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور بە لە بەرچاو گرتنی ٧ پێوەری ئاستی سەركوت و گوشار، زۆرینە گەرایی، سەربەخۆیی، فەزای گشتی و خۆسانسۆری، چوارچێوەی یاسایی، رونكردنەوە و بەهێزكردنی ژێرخانەكان، دۆخی ئازادیی چاپەمەنی و راگەیەنە سەربەخۆكان و رۆژنامەنووسانی لە ١٨٠ وڵاتی جیهاندا تاوتوێ كردووە.
رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاندووە كە ئێران وەكوو ساڵانی رابردوو لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٧٣ی لە جیهاندا هەیە.
ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە رایگەیاندووە كە دۆخی ئازادییە چاپەمەنییەكان و رۆژنامەنووسان سەرەرای وادە و بەڵێنییەكانی دەوڵەتی روحانی باشتر نەبووە و دەوڵەتی ئێران بەردەوام كۆنتڕۆڵی هەمەلایەنەی لەسەر راگەیەندنەكاندا هەیە.