كۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدایە كە ماڵی هاوڵاتییەكی كوردی خەڵكی شاری مەهاباد داگیر بكات.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، كۆماری ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدایە ماڵ و خانوبەرەی ماڵی هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری مەهاباد بە ناوی “عومەر قازیی” تەمەن 80 ساڵ داگیر بكات و پێی راگەیاندوون، كە دەبێ لە خێراترین كاتدا ئەو ماڵە چۆڵ بكەن.
“عەمەر قازی” كە پیاوێكی بەساڵاچوو و لە ماوەی تەمەنی خۆیدا گەلێ زیندان و چەرمەسەری كێشاوە و كەوتووەتە بەر ئازار و ئەشكەنجە، لە لایەن كاربەدەستانی دەوڵەت لە شاری مەهاباد پێی راگەیەندراوە، كە دەبێ لە خێراترین كاتدا ماڵەكەی بە قازانجی بونیادی موستەزعەفان چۆڵ بكات و رادەستی دەوڵەتی بكات.
دەوترێ ماڵی ئەو هاوڵاتییە كوردە 2 میلیارد تمەن بایەخی هەیە و دەوڵەت ئێستا ئەو ماڵە بە بڕی 120 میلیۆن فرۆشراوەتەوە بە یەكێك لە دەستوپەیوەندەكانی خۆی لەو شارەدا.
جێگای ئاماژەیە، ئەمە یەكەمجار نیە ماڵی تێكۆشەران و خەباتكارانی كورد لە ناوچە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە زەوت دەكرێت و لە هەمان كاتیشدا كەسانی نزیك لە بنەماڵەی “عومەر قازی” داوا لە هەموو كەسێكی بەویژدان و خاون هەوڵوێست دەكەن، كە ئەو موڵك و ماڵانەی خەڵكی تێكۆشەری كوردستان وا لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە زەوت دەكرێ، بە هیچ شێوەیەك نەكڕنەوە.