شەڕی نێوان دەوڵەتی ئۆكراین و جوداخوازەكان كێشاوەتە ناو وێستگەكانی پاس و قوتابخانە و بازاڕ و نەخۆشخانەكان و ژمارەی قوربانییانی ئەو شەڕە زیاتر له 5 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.
ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان لە بەیاننامەیەكدا، ئاماری قوربانییانی شەڕی ناوخۆیی ئۆكراینی بڵاو كردووەتەوە و ڕەخنەی توندی ئاراستەی هەر دوو لایەنی شەڕەكە كردووە بە هۆی ئەوەی، شەڕی نێوانیان كێشاوەتە ناو وێستگەكانی پاس و قوتابخانە و بازاڕ و نەخۆشخانەكانو جەختی كردووەتەوە لەوەی، بە هۆی تۆپبارانی بەردەوامی هەر 2 لایەن لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكراین، لە ماوەی 3 هەفتەدا، 244 هاوڵاتی مەدەنی كوژراون.
بە پێی ئاماری نەتەوەیەكگرتوەكان: لە سەرەتای شەڕی ئۆكراینەوە تا ئێستا، كە ساڵێكی تێپەڕاندووە 5 هەزار و 358 كەس بە هۆی شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە كوژراون. لەو بارەیەوە “زەید ڕەعد حسێن” كۆمسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوەیەكگرتوەكان، هەر دوو لایەنی شەڕەكەی بە پێشێلكردنی ئاشكرای یاسا مرۆییەكان وەسف كرد و ڕایگەیاند: لە ئێستادا، وێستگەكانی پاس و كەلوپەلی گواستنەوە و بازاڕ و نەخۆشخانەكان و ناوچەكانی نیشتەجێبوون، بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ.