بە بەشداریی ژمارەیەك لە كاربەدستان و بەڕێوەبەرانی دامەزراوە دەوڵەتیەكانی كۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان، 4 هەزار بوتری مەشروب لەو شارە لەنێو چوو.
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێریی حكومەتیی فارس، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 14ی مانگی رێبەندان بە بەشداریی ژمارەیەك لە كاربەدەستان و بەرپرسانی دامەزراوە دەوڵەتیەكانی شاری مەریوان، 4 هەزار بوتری جۆرەكانی مەشروبی ئەلكولی كە لە لایەن هێزە ئینتزامی و پاسەوانەكانی سەر سننورەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، لەنێو برا.
مانگی رابردووش فەرمانداری كرماشان وتی: لە ماوەی یەك مانگی رابردوو زیاتر لە 16 هەزار بوتڵ لە هەموو جۆرە مەشروبە ئەلكولیەكان لە سەر سنوورەكانی پارێزگای كرماشان لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هاتنی ئەو بڕە مەشرووبە بۆ نێو خاكی ئێران بە ئەوەش بە ئاكامی پیلانی دوژمنانی رۆژئاوایی دەزانێت.
بە پێی یاسای كۆماری ئیسلامی، گواستنەوە و فرۆشتنی مەشروباتی ئەلكولی وەكوو تاوان دێتە ئەژمار و ئەو كەسانەی كە لەو پەیوەندەدا دەستگیر دەكرێن، بە زیندانی درێژ ماوە و جەریمەی قورسی نەختی مەحكوم دەكرێن.
لە نێو بردنی مەشروباتی ئەلكولی لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتی و نیزامیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە لە حاڵێكدایە، كە پتر لە 16 میلیۆن كەس لەوانە 8 میلیۆن منداڵ لە ئێران تووشی مادەسڕكەرە ماڵوێرانكەرەكان هاتوون و ئەو مادانەش بە بەرفراوانی و هەرزانی لە نێو هاوڵاتییاندا دەستدەكەوێت، بەڵام مەشروباتی ئەلكولی كە هاوڵاتییان لە بۆنە و رێوڕەسمی شادی و خۆشیدا كەڵكی لێ وەردەگرن بە توندی لە لایەن حكومەتەوە ئەو كەسانەی كە ئەو مەشرووبانە بەكاردەهێنن یان بازرگانی پێوە دەكەن بەرەوڕووی سزای توندوتۆڵ دەبنەوە.
شایانی باسە، لە زۆربەی هەرە زۆری سنوورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە هۆی بێكاریی و تەنیا لەبەر دابینكردنی بژیوی ژیان، هاوڵاتییان روو دەكەنە كاری پڕمەترسیی و تاقەت پڕوكێنی كۆڵبەری و كاسبكاریی لەسەر سنوورەكان و كەمتر رۆژێك هەیە كە بە بۆنەی ئەو پیشەیەوە، لە لایەن چەكدارانی كۆماری ئیسلامیەوە هێرش نەكرێتە سەریان و بەرەوڕووی خەساری گیانی و ماڵی نەبنەوە.