رەوتی جەریمە كردن و كوشت و بڕی كاسبكاران و كۆڵبەرانی كورد لە لایەن ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە بەردەوامە.
بە وتەی “محەمەد ئەقوامی” بەرپرسی تەعزیراتی حكومەتی پارێزگای ورمێ، لە ئاكامی دادگایی كردنی 4 كاسبكار له شاری خوی بە هۆی گواستنەوەی موبایل، جل و بەرگ و جگەرە بە شێوەی نایاسایی و تەنیا بە مەبەستی دابین كردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەكەیان، بە 160 میلیۆن تمەن جەریمە حوكم دراون.
ناوبراو رۆژی رابردووش وتی: لە شارەكانی “میاندواو و مەهاباد” لە 2 دۆسیەی جیاجیادا كاسبكاران بە دانی 80 میلیۆن و 490 هەزار جەریمەی نەختی مەحكوم كراون و هەموو كەلوپەلەكانیشیان دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە بە پێی وتەی “شەهرام عەباسی” فەرماندەی هێزەكان سەر سنووری كۆماری ئیسلامی لە پارێزگای ورمێ، لە ماوەی 10 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 2 هەزار عەمەلیاتی هێرش بۆ سەر كاسبكاران كە ئەو بە (قاچاقخچی) ناوی لێ بردوون، بە مەبەستی دۆزینەوە و دەستبەسەراگرتنی كەلوپەلەكانیان ئەنجام دراوە.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: لەو عەمەلیاتانەدا “پتر لە یەك میلیۆن لیتر سووتەمەنی، 3 هەزار و 684 میتر پارچە، 40 هەزار بەستە جل، 22 هەزار جۆر كەلوپەلی پەیوەندیدار بە جوانكاریی، 7 هەزار و 909 سەر مەڕ و ماڵات و 478 دانە جگەرە” لە سەرانسەر پارێزگای ورمێ دەستی بەسەردا گیراوە.
سیاسەتە هەڵەكانی كۆماری ئیسلامی لە بواری رەخساندنی هەلی كار و بنەما ئابووریەكانەوە، خەڵك بەتایبەت لە ناوچە هەژارنشین و سنوورییەكاندا روو بكەنە كار و كاسپی نایاسایی و ئەمەش سەر و ماڵیان بەرەوڕووی خەساری بەرفراوان دەكاتەوە.