ئەبو محەمەد عەدنانی، وتەبێژی گروپی داعش بە راگەیاندنی دامەزراندنی “ویلایەتی خوراسان” وتی: ئەو ناوچەیە بەشێك لە “سنورەكان”ی ئەو گروپە دەبێت.
عەدنانی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: “موجاهیدین مەرجەكانی راگەیاندنی ویلایەتی خوراسانیان مسۆگەركردوەو بەیعەتی خۆیان لەگەڵ ئەبوبەكر بەغدای خەڵیفەی داعش راگەیاندوە”.
ئەمە یەكەمجارە كە داعش ناوچەیەكی دوور لە شوێنی دەسەڵاتی سەرەكی خۆی وەك ویلایەتێكی پاشكۆی خۆی رادەگەیەنێت.
بە وتەی عەدنانی كەسێك بە ناوی”حافیز سەعیدخان” وەك والی ویلایەتی خوراسان هەڵبژێراوەو كەسێك بە ناوی عەبدولرەئوف خادم ناسراو بە ئەبو تەڵحە وەك جێگری دیاری كراوە.
بە پێی ئەو پەیامەی داعش، ویلایەتی خوراسان، ناوچەیەكی بەربڵاوە كە لەباكوری رۆژئاوای ئەفغانستانو بەشێك لە توركمنستانو پارێزگای خوراسانی ئێران پێكدێت.