“خالید عەزیزی” سكرتێری حیزبی دێموكراتی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكی گشتیی دا پرسی “یەكگرتنەوەی دێموكراتەكان”ی تاوتوێ كرد.
پێشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە، رێكەوتی ٦ی رێبەندانی ١٣٩٣ و لە كۆبوونەوەیەكی حیزبیدا، “خالید عەزیزی”، سكرتێری حیزبی دێموكراتی كوردستان، پرسی نێوان هەر دوو حیزبی دێموكراتی كوردستان و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هەوڵدان بۆ وەسەریەكخستنەوەی بنەماڵەی دێموكراتی داوەتە بەر باس و لێكۆڵینەوە.
لە سەرەتای قسەكانی عەزیزی بە ئاوڕدانەوە لە بەشێك لەو هۆكارانەی كە چەند جار حیزبی دێموكراتی كوردستانی تووشی قەیرانی تەشكیلاتی كردوە، باسی لە گرینگیی یەكریزی و یەكگرتوویی لە نێو ریزەكانی حیزبی دێموكرات دا كرووە.
لە درێژەی قسەكانی دا ئاماژەی بەو هەوڵانە داوە كە حیزبی دێموكراتی كوردستان لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا بە نیسبەت ئاسایی كردنەوەی پێوەندیی نێوان هەردوولای دێموكرات و كاركردن بۆ لیك نزیككردنەوەی دێموكراتەكان كردوونی.
لەو پێوەندییەدا عەزیزی وتوویەتی: لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا حیزبی دێموكراتی كوردستان قۆناغ بە قۆناغ، دەروەستانە هەوڵی كەمكردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەكانی داوەو و، بۆ پێكەوەدانیشتن و لە كۆتایی دا وەسەریەكخستنەوەی حیزبی دێموكرات پلان و گەڵاڵەی روونی پێشكەش كردوە.
سكرتێری حیزبی دێموكراتی كوردستان لە درێژەی قسەكانی دا وتوویەتی: ” خۆشبەختانە گرتنەپێشی سیاسەتی درووست و مەنتقیی رێبەریی حیزبی دێموكراتی كوردستان توانی رۆڵێكی بەرچاوی هەبێ لە درووست بوونی قۆناغێكی دڵخۆشكەر كە ئەمڕۆ هەر دوو لایەنی حیزبی دێموكرات، پێكەوە لە دانووستان دان و بیر لە ئاكامی ئەم هەوڵانە- كە هەمان یەكگرتنەوەی دێموكراتەكانە- دەكەنەوە.
خالید عەزیزی لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا پێداگریی لە سەر بەشداریی هەموو ئەندامانی حیزبی دێموكراتی لە پرسی یەكگرتنەوەی دێموكراتەكان دا كردووە و روو بە بەشدارانی كۆبوونەوەكە و گشت ئەندامانی حیزبەكەی وتوویەتی: ” ئێوە دەبێ بە تێبینی و بۆچوونەكانتان یارمەتی بە پرسی یەكگرتنەوەی دێموكرات بدەن و هەوڵ بدەن یەكگرتووانە و بە هەستكردن بە ئاسوودەیی، حیزبی دێموكرات زۆر لەوە گەورەتر بكەنەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێز عەزیزی رایگەیاندووە كە: “یەكگرتنەوەیەك دەتوانێ سەركەوتوو بێ كە هەمووان لە حیزبی یەكگرتوودا دا هەست بە ئاسوودەیی و بوونی خۆیان بكەن.”
لە كۆتایی قسەكانی دا كاك خالید عەزیزی سەبارەت بەو هەوڵانەی كە لە پێوەندی لە گەڵ پرسی یەكگرتنەوەی دێموكراتەكان دا و بە شێوەی جۆراوجۆر دێنە ئاراوە، وتی: “ئێمە بە چاوی رێزو پێزانینەوە دەڕوانینە ئەو هەواڵانەو، هەموویان بە هەوڵدانێكی دڵسۆزانە دەزانین.”