كەلوپەلی كاسبكارێك لە شاری بیجاڕ بە بڕی 150 میلیۆن تمەن دەستی بەسەردا گیرا و لە دوو دۆسیەی جیاجیادا كاسبكارانی شارەكانی میاندواو و سەڵماس بە 95 میلیۆن و 400 هەزار تمەن جەریمە مەحكوم كران.
بەرپرسی پۆلیسی هێزە ئینتزامیەكانی كۆماری ئیسلامی لە پارێزگای سنە رایگەیاند: لەم رۆژانەی دواییدا بارێكی گەورەی جلوبەرگ و كەلوپەلی جوانكاریی لە شاری بیجاڕ دەستی بەسەردا گیراوە كە بە بڕی 150 میلیۆن تمەن پارە دەگرێتەوە.
دەوترێ ئەو لەو بارە زەوت كراوەدا 21 هەزار و 379 تۆپ جۆرەكانی جلوبەرگ و 4 هەزار دانە كەلوپەلی جوانگاریی و بێهداشتی هەبووە و لە نێو كامیۆنێكدا لە حاڵی گواستنەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
لە لایەكی دیكەوە بەرپرسی ئیدارەی تەعزیراتی ورمێ دەڵێ: بە هۆی دەستبەسەراگرتنی 173 دانە گوشی و تەبلێت لە شاری میاندواو كاسبكارێك میاندواویی بە 53 میلیۆن و 200 هەزار تمەن جەریمە مەحكوم دراوە و لە دۆسیەیەكی دیكەدا بە گواستنەوەی 132 دەست مانتۆ و پانتۆڵ كاسبكارێكی سەڵماسی بە دانی 42 میلیۆن و 238 هەزار تمەن جەریمەی نەختی مەحكوم كراوە.
لە لایەكی دیكەشەوە، بەرپرسی هێزە ئینتزامیەكانی شاری سەردەشت باس لەوە دەكات، كە لە ماوەی یەكساڵی رابردوو 12 هەزار و 500 لیتر سووتەمەنیی كاسبكاران و هەروەها 88 ئۆتۆمبیل گیراون و لەو رێژەیەش 51 ئۆتۆمبیل بەتەواوەتی لە لایەن دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
جێگای باسە، بە هۆی بێكاریی زۆر و نەبوونی هەلی كاری گونجاو لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچەكە بە مەبەستی دابینكردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەكانیان روویان كردووەتە پیشەی نایاسایی لە سەر سنووەركان و بەو بۆنەوە هەموو رۆژێ لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە هێرش دەكرێتە سەریان و یان بەرەوڕووی خەساری گیانی دەبنەوە یان كەلوپەلەكانیان لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا دەگیردرێت و ئاژەڵە بارهەڵگرەكانیان دەكوژن، كە ئەوەش بەرەوڕووی خەساری ماڵیی قورسیان دەكاتەوە.