هێزەكانی بەسیجی كۆماری ئیسلامی لە شاری “ئیسلام ئابادی غەرب” سەر بە پارێزگای كرماشان دەستیان بەسەر 14 هەزار لیتر سووتەمەنی كاسبكاراندا گرتووە.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی حكومەتیی مێهر، هێزە بەسیجیەكانی سەر بە شاری ئیسلام ئابادی غەرب، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە یەكی مانگی رێبەندان دەستیان بەسەر 14 هەزار لیتر نەوت و گازۆئیلی كاسبكاراندا گرتووە.
دەوترێ بەسیجیەكان لە كاتی گەشت لێدان لە سەر جادەی گوندی چنكور_ چنار دەستیان بەسەر 7 ئۆتۆمبیلی نەیساندا گرتووە كە تێدا 14 هەزار لیتر نەوت و گازۆئیلی كاسبكارانی كورد بوونی هەبووە.
ئەو كاسبكارانە كە لە هەوڵی گواستنەوەی بارەكەیان بۆ سەلاسی باوەجانی ولەوێشەوە بۆ دەرەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان بوون، لە لایەن هێزە بەسیجیەكانەوە دەست بەسەر بارەكەیاندا گیراوە و لەو پەیوەندەشدا 10 كاسبكار دەستگیر كراون و رەوانەی ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتیەكان كراون.
رۆژی جومعە 3ی مانگی رێبەندانیش، فەرماندەی هێزە ئینتزامییەكانی كۆماری ئیسلامی لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند: هێزەكانی ئەوان لە شاری “بۆكان” یەك تۆن و 375 هەزار كیلۆ “گوێز” و 480 دانە “چرا قوە” بە بڕی 70 میلیۆن تمەنیان زەوت كردووە و لەو پەیوەندەشدا 2 كاسبكار دەستگیر كراون.
لە هەواڵێكی دیكەدا سەرۆكی ئیدارەی تەعزیراتی پارێزگای ورمێ دەڵێ: لە ئاكامی دادگایی كردنی كاسبكاران لە 2 دۆسیەی جیاوازدا لە پەیوەند لەگەڵ گواستنەوەی 7 تۆن گوێز لە شاری “مەهاباد”، ئەو كاسبكارانە بە دانی 170 میلیۆن تمەن جەریمە مەحكوم كراون.
لە ماوەی هەفتەی رابردووشدا و لە 7 دۆسیەی جیاجیادا كاسبكاران لە شارەكانی “سەڵماس، مەهاباد و سەردەشت” سەر بە پارێزگای “ورمێ” بە هۆی گواستنەوەی “مەڕ و ماڵات، زێو، گڵۆپ، جل و بەرگ، چەسپی پزیشكی، تەلەفۆنی مۆبایل” بە 390 میلیۆن تمەن جەریمە مەحكوم كرابوون.
جێگای باسە، بە هۆی بێكاریی زۆر و نەبوونی هەلی كاری گونجاو لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچەكە بە مەبەستی دابینكردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەكانیان روویان كردووەتە پیشەی نایاسایی لە سەر سنووەركان و بەو بۆنەوە هەموو رۆژێ لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە هێرش دەكرێتە سەریان و یان بەرەوڕووی خەساری گیانی دەبنەوە یان كەلوپەلەكانیان لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا دەگیردرێت و ئاژەڵە بارهەڵگرەكانیان دەكوژن، كە ئەوەش بەرەوڕووی خەساری ماڵیی قورسیان دەكاتەوە.