سەرۆكی ئیدارەی تەعزیراتی كۆماری ئیسلامی لە شاری “مەهاباد” وتی: كاسبكارێكی كوردی خەڵكی شارەكە لە لایەن دادگاوە بە دەیان میلیۆن تمەن پارە مەحكوم كراوە.
عەبدوڵڵا رەسووڵی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی مانگی بەرفرانبار بە هەواڵنێریی حكومەتیی ئیرنای راگەیاندوە: ئەو كاسبكارە كوردە كە لە هەوڵی گواستنەوەی 57 سەر “پەز” لە سنوورەكانی رۆژهەڵاتەوە بۆ باشووری كوردستان بووە، لە لایەن هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیەوە لە سەر جاوەی نێوان “مەهاباد_سەردەشت” دەستگیر كراوە و دواتر وێڕای دەستبەسەراگرتنی مەڕ و ماڵاتەكەی بە 38 میلیۆن و 400 هەزار تمەن جەریمە حوكم دراوە.
هەروەها لە ماوەی رابردووشدا و بە پێی وتەی “محەمەد قەوامی” بەڕێوەبەری تەعزیراتی كۆماری ئیسلامی لە پارێزگای ورمێ، لە 6 دۆسیەی جیاجیادا لە پەیوەند بە بازرگانی كردنی “زێو، گڵۆپ، جل و بەرگ، چەسپی پزیشكی، تەلەفۆنی مۆبایل” بە 350 میلیۆن تمەن جەریمە مەحكوم كراون.
شایانی باسە، بە هۆی بێكاریی زۆر و نەبوونی هەلی كاری گونجاو لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچەكە بە مەبەستی دابینكردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەكانیان روویان كردووەتە پیشەی نایاسایی قاچاخی كەلوپەل و مەڕو ماڵات و بەو بۆنەوە زۆربەی رۆژەكان لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە هێرش دەكرێتە سەریان و یان بەرەوڕووی خەساری گیانی دەبنەوە یان كەلوپەلەكانیان لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا دەگیردرێت و بەرەوڕووی خەساری ماڵیی قورس دەبنەوە.