سەرچاوەیەك لە نەیارانی رژیمی ئەسەد ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی سەرماوەزی 1392 رایانگەیاند، گروپێكی چەكداری نەناسراو بە هێرش بۆسەر مقەڕی شوێنی راگرتنی بەڵگەكانی پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤ لە سوریە، خاتوو رۆزان زەیتوونە پارێزەی حقووقیو چالاكی مافی مرۆڤو سەرۆكی تیمی بەدواداچوونی پێشێلكردنی مافی مرۆڤیان رفاند.
رۆزان زەیتوونە یەكێك لە چالاكانی مافی مرۆڤی سوریەیە كە بە هۆی چالاكیە بەربڵاوەكانی لە ئاستی بەرگری لە ئازادیی رادەربڕین تا ئێستا چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. ئەم چالاكەی مافی مرۆڤ هاوڕێ لەگەڵ تیمەكەی لە هەوڵی ئەوەدا بوون كە سەرپێچیو دەستدرێژیەكانی رژیمی بەشار ئەسەد لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی رابردوو كۆبكەنەوە. شورای ناوچەیی شاری دۆما سەر بە نەیاران كە ئیدارەی كاروباری شارەكانی ژێر كۆنترۆڵی نەیارانی لە ئەستۆیە رایگەیاند، تا ئێستا هیچ گروپێك رفاندنی ئەم ژنە چالاكەی مافی مرۆڤو تیمەكەی بە ئەستۆ نەگرتووە.
خاتوو زیتوونە یەكێك لە كەسایەتیە ناسراوەكانی سوریەیە كە لە دۆخی نەبوونی رۆژنامەی ئازادو راگەیاندنی سەربەخۆ، بە دانی زانیاریگەلی دروستو بە بەڵگە، رۆڵێكی بەرچاوی لە ئاشكراكردنی سەركوتی بێڕەحمانەی نەیارانی ئەسەد لە سەرەتای ناڕەزایەتیەكانی سوریە گێڕا.