2 لاوی خەڵكی شاری ئیلام بە هۆی گازگرتوویی لە یەكێك لە پاركەكانی ئەو شارە گیانیان لەدەستدا.
بە پێی هەواڵی “زاگرۆس پۆست”، 2 لاوی خەڵكی شاری ئیلام رێكەوتی دووشەممە 15ی مانگی بەفرانبار لە پاركی “كەوسەر”ی ئەو شارە بە هۆی ژەهراوی بوون لە رێگای هەڵمژینی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دوو لاوە كوردە، كاتێ شەو لە نێو چادرێك ولە پاركی “كەوسەر”ی شاری ئیلام نووستوون، بە هۆی بڵاو بوونەوەی گازی پێكنیك كە بە مەبەستی خۆ گەرم كردنەوە كەڵكیان لێ وەرگرتووە، ژەهراوی بوونە و هەر دووكیان گیانیان لەدەستداوە.
هۆكاری مانەوە لە نێو پارك و شۆناسی ئەو 2 لاوە ئیلامیە هەتا ئێستا ئاشكرا نەكراوە.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە لە ئەگەری كەڵك وەرگرتن لە كەلوپەلی گازیی دەبێ شوێنێك بۆ چوونەدەوەی گازە ژەهراویەكان بە هۆی ئاگری ئەو كەلوپەلانە لەبەرچاو بگیردرێت، تا رووداوی لەو چەشنە نەیتە ئاراوە.
بەرپرسی ئیمەنی، بێهداشت و ژینگەی شیركەت گازی ئێران سەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵ رایگەیاند، حاڵەتەكانی ژەهراوی بوون بە هۆی گازگرتوویی لە ساڵی 1392ی هەتاویی لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی 91 پتر لە 50% زیادی كردووە و پارێزگاكانی قوم و سمنان لە پلەكانی یەكەمی ئەو چەشنە رووداوانەدان و پارێزگاكانی سیستان و بەلوچستان و هورمۆزگان كەمترین حاڵەتی گازگرتووییان تێیدا تۆمار كراوە.
لە ساڵی 1392ی هەتاویی 1375 حاڵەتی گازگرتوویی روویداوە و بەو هۆیەوە 390 هاوڵاتیی گیانیان لەدەستداوە.
لە 6 مانگی سەرەتای ساڵی 93 لە 4 پارێزگای رۆژهەڵاتی كوردستان 12 هاوڵاتیی بە هۆی گازگرتوویی گیانیان لەدەستداوە، كە ریزبەندیەكەی بەم چەشنەیە: “لە پارێزگای كرماشان 5 كەس، لە پارێزگای سنە 4 كەس، لە پارێزگای ورمێ 2 كەس و لە پارێزگای ئیلامیش 1 كەس”.
شایانی باسە، ناستانداردبوونی لوولەی گواستنەوەی دووكەڵ و دیۆكسیدی كەربۆن بە هۆی سووتانی گاز سەرەكیترین هۆكاری بڵاو بوونەوەی گاز لە نێو ماڵی هاوڵاتییان هەروەها كەمتەرخەمی و ئاگادار نەكردنەوەی پێویستی خەڵك لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەكانەوە بووەتە هۆی پەرەسەندنی ئەو جۆرە رووداوانە.