ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی مانگی بەفرانبار، هێرشكرایە سەر بنكەی گۆڤارێكی فەرانسەوی لە نێوەڕاستی پاریس پێتەختی ئەو وڵاتە و لە ئەنجامدا لانیكەم 12 كەس كوژران و ژمارەیەكی كەسی دیكەش برینداربوون.
سەرچاوەیەكی پۆلیس لەمبارەیەوە بە رۆژنامەی ل فیاگاغۆی فەرانسەی راگەیاندووە، “بەهۆی هێرشی چەند چەكدارێكەوە بۆ سەر بارەگای گۆڤاری شاڕلی ئێبدۆ لە پاریس، 12 كەس كوژراون، كە 3 یان پۆلیسن و سەرنووسەر 3 كاریكاتۆریست و 6 رۆژنامەنووسی هەفتەنامەكەش لە نێو كوژراوەكاندان”.
بەپێی وتەی چەند شایەتحاڵێك، هێرشەكە لەلایەن دوو یان سێ كەسی دەمامكدراو بە چەكی كلاشینكۆف ئەنجامدراوە و هێرشبەرەكان لە كاتی هێرشەكە هاواریان كردووە، “تۆڵەی پێغەمبەرتان لێدەكەینەوە”.
هەفتەیەك پێش ئێستا، رۆژنامەكە كاریكاتۆرێكی ئەبوبەكر بەغدادی، “خەلیفە”ی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی بڵاوكردەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشیە نەگرتووەتە ئەستۆ.
شارلی ئێبدۆ چەندین جار كاریكاتێری دژی ئاینی ئیسلام، مەسیحی و جووی تێدا بڵاوكراوەتەوە، هەروەها لە رێگەی كاریكاتێرەوە رەخنە لە كولتوور و سیاسەتیش دەگرێت.
چەند جارێكیش لەو گۆڤارە، بە كاریكاتێر “سوكایەتی” بە پێغەمبەری ئیسلام كراوە.
ماوەیەكی كەم دوای هێرشەكە، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا بە یاوەریی گەورە بەرپرسانی وڵات، سەردانی ناوچەكەی كرد و رایگەیاند، كە “بە هەموو رێكارە ئەمنییەكاندا دەچینەوە”.