فەرماندەی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت: تا قوڵایی 40 كلیۆمەتری خاكی عێراق، هێڵی سوری ئێرانە.
“ئەحمەد رەزا پوردەستان” فەرماندەی هێزە زەویینی سپای پاسدارانی ئێران دەڵێت: كاتێك گروپی داعش لە سنورەكانی رۆژئاوای عێراقەوە بێتە ناو خاكی ئەو وڵاتەوە و لە سنورەكانی ئێران نزیك ببێتەوە، هێزی زەویینی ئێران بۆ سەركوتی ئەو گروپە ئامادەیی تەواوی هەیە.
ناوبراو دەشڵێ: لەو كاتەدا سەرەڕای ئامادەیی تەواو لە سنورەكان، هێڵێكی سوورمان لە قوڵایی 40 كیلۆمتری خاكی عێراق كێشاوەتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە ئەگەر داعش لەم هێڵە سوورە تێپەڕ بێت لەگەڵ هێزە چەكدارەكانی ئێران بەرەوڕوو دەبێتەوە.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە پێشتریش حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران وتبووی “ئەگەر شارە پیرۆزەكانی شیعەكانی عێراق و بەغدا لە مەترسیدا بێت، ئەوە هێڵە سوورەكانی ئێمە دەستدرێژیی كراوەتە سەر و بۆیە تەداخولی دۆخەكە دەكەین”.
شایانی باسە، تا ئێستا بەدەیان ئەندامی سپای قودس كە بەشێك لە سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران دێتە ئەژمار لە سوریە و عێراق و لە شەڕ دژی داعش كوژراون و چەند فەرماندەیەكی پلە بەرزیش لە نێویاندا بەرچاو دەكەوێ.