سەرۆكی رێكخراوی زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی وتی: 3 میلیۆن كەسی سەڵت لەو وڵاتەدا دەژین و ساڵانەش 150 كەس لە یەك جیا دەبنەوە، كە ئەوەش زۆر دیاردەی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئێستاكەش 60 هەزار كەس بە تاوانی دزیی كە بەشێكی پەیوەندیی بە تەڵاق و جیابوونەوەكانەوە هەیە، لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدان.
ماڵپەڕی حكومەتیی مێهر لە زاری “ئەسغەر جەهانگیر” رایگەیاندووە: ئەو گەڕەكە هەژارنشینەكانی دەوروبەری شارەكانی ئێران 9 میلیۆن و 500 هەزار كەسیان تێدایە، كە ئەم كەسانە ماڵ و سامانی خۆیان بەجێهێشتووە و بە هیوای ژیانێكی باشتر روویان لە شارە گەورەكان كردووە و ئەم كۆچ كردنەش كێشەی نوێی بۆیان ساز كردووە.
ناوبراو دەشڵێ: جگە لە جێگیر بوون لە قەراخی شارەكاندا، نزیك بە یەك میلیۆن و 500 هەزار كەسی گیرۆدە بە مادەهۆشبەرەكان و پتر لە 2 میلیۆن و 200 هەزار كەس بە پێی ئامارە فەرمیەكان لە ئێران بێكارن.
سەرۆكی رێكخراوی زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی لە درێژەشدا باس لەوە دەكات، كە دەبێ باس لەسەر كۆچبەری، گوندنشنی، نائەمنیەكان و باقی بابەتە كەلتوورییەكان جیددی بگرین و بە دوور لەم بابەتە، زیندان و قوەی قەزاییەیە هەرچی سزاكانی قورستر بكاتەوە ناتوانێ پێش بە ئەنجامدانی تاوان بگەینێت.
شایانی باسە، هەژاری و بێ داهاتی و توندبوونەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بووەتە هۆی پەرەسەندنی دیاردە نەشیاوە كۆمەڵایەتیەكان و كۆماری ئیسلامیش هەوڵی پێویست بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە نادات و تەنانەت زۆر كەسیش لەسەر ئەو بڕوایەدان كە زۆرێك لە دیاردە كۆمەڵایەتیەكان لە ئاكامی سیاسەتە سیستماتیكەكانی خودی كۆماری ئیسلامیدا بەرینتر بوونەتەوە.