لە ماوەی 12 رۆژی رابردوو 41 كەس بە دەستی كۆماری ئیسلامی و لە شارە جیاجیاكانی ئێران لەسێدارە دراون.
بە پێی راپۆرتەكان لەوبارەوە، ڕۆژی سێشەممە، چوارشەممە و هەروەها پێنجشەممە 9، 10 و 11ی مانگی بەفرانبار، لە بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا 22 كەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر حوكمی سێدارەیان بەڕێوە چووە كە 4 كەسیان ژن بوون.
ئەو كەسانە لە بەندیخانەی شارەكانی كرمان، بەم، مەشهەد، شیراز، نوشهر، بەندەر عەباس و قەزوین 21 كەس لەسێدارە دراون و تۆمەتی ئەو كەسانە كە چواریان ژن بوون بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و كوشتنی بە ئەنقەست(قەتڵ) ڕاگەیەندراوە.
لە بەندیخانەی كرمان 8 كەس، بەندیخانەی قەزوین یەك كەس، بەندەر عەباس 3 كەس، بەندیخانەی بەم 2كەس شیراز 3 كەس 1 كەس له نوشهر و مەشهەد 4 كەس حوكمی سێدارەكانیان بەڕێوە چووە.
هەروەها 9 رۆژ پێش ئەوەش، 19 كەس لەوانە “7 كەس لە زیندانی ورمێ،7 كەس لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز، 3 كەس لە زیندانی ناوەندیی زاهێدان، كەسێك لە شاری قەزوین و لاوێك لە شاری مەشهەد” ئێعدام كرابوون، كە سەرجەم حوكمەكانیان قاچاخی مادەهۆشبەرەكان و قەتڵ راگەیەندراوە و لەو رێژەیەش 8 كەسیان كورد بوون.
شایانی باسە، ئێعدام لە ئێران لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە بە بیانووی چاوترسێن كردنی هاوڵاتیان بۆ روونەكردنە تاوان جێبەجێ دەكرێ، بەڵام كارناسان و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتی لەسەر ئەو بڕوایەدان، كە ئێعدام و بەتایبەت ئێعدام لە پێش چاوی خەڵك، نەك هەر خەڵك چاوترسێن ناكات، بەڵكە دەبێتە هۆی سازبوونی كەشی ترس و دڵەڕاوكە لە نێوان هاوڵاتیاندا.