یەکێک لە هێما بەرچاوەکانی چاندی نەتەوەیی کورد، کە بەشێکی دانەبڕاوە لە جل و بەرگی کوردی ئاخابانوویە.
لە تەواوی نەتەوەکانی دونیا دا هیچ شتیک بێ فەلسەفە و بێ هزر پێک نەهاتووە. بیگومان نەتەوەی ئێمەش یەکێک لەو نەتەوانەیە، کە بە داخەوە نە مێژووی نە وێژەی بە شێوەی نووسراوەی بەهێز نەنووسراوەتەوە. بەڵکوو بە شێوەی فیزیکی یان ئەدەبیاتی زارەکی ماوەتەوە.
من لێرەدا بە پشتبەستن بە ماتێریاڵی زمان و مێژوو و لێکدانەوەی کاراکتەرەکانی کۆمەڵگای کوردی، ئاخابانوو (جامانە) بە شێوەزاری سۆرانی شی دەکەمەوە. دواجاریش هیوادارم بتوانم لە سەر زاراوەی کورمانجی یان لێکدانەوەی هەورامی (رەشتی یان شەدەی هەورامی) بنووسمەوە.
لە روانگەی فیزیکەوە کاتێک چاو لە ئاخابانوو دەکەین، بێگومان دوو رەنگ وەبەر چاو دەکەوێ کە دەست لە ملانی یەکتر دەنوێنن. ئەو دوو رەنگە بریتییە لە دوو رەنگی سپی و ڕەش. (لە ناو بادینان جامانەی رەنگی سوور و سپی هەیە “سوور بەڵەک” کە لێرە دا باس لەو ناکرێ و جامانەی کرمانجی لێکدانەوەی جیاوازی زمانەوانی و جوگڕافیایی و مێژوویی و هزری کۆمەڵایەتی پێویستە کە دەبێ پشت ببەستڕێ بە ئیمپڕاتووری و باستانی بادینان “بەحدینان،باشدینان”).
لە ناو عەڕەبیشدا هاوشێوەی ئاخابانووی کوردی هەیە، کە لە خاڵی گەورەتر و نێوانی زیاتری خاڵی رەش و سپی پێک هاتووە کە بە تەواوی جیاوازە و تەنانەت لە شیرازەشدا هیچ چەشنە پێوەندییەکی بە ئاخابانووی کوردییەوە نییە.
ئاخابانووی کوردی کە رەنگی سپی و رەشە(رەشبەڵەک، بەڵەک) لە جووت پێک هاتووە و لێرە دا رەنگی رەش هێمای پیاوە واتە ئاخا (بە پشتبەستن بە مێژووی شامانیزم و سەردەمی راوچییەتی)، رەنگی سپیش هێمای ژنە واتە بانوو.
لە کۆمەڵگای کوردی کاتێک ژن و پیاو شایی دەکەن و دەست دەگرن، بە رەشبەڵەک نێون دەبردرێ. کەوابوو شایی و رەشبەڵەک پێک هاتووە لە ژن و پیاو بە شێوازی بەشداری کردنی یەکسان کە بە هەمان ئاراستە خاڵە رەش و سپییەکانیش لە ئاخابانوو دا خۆی دەنوێنێ.
بۆ ئێستەی کۆمەڵگای کوردیش و تایبەت لە سەدەی ڕابردوو دا و سەرهەڵدانی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان، وەکوو هێمایەکی شۆڕشگێڕی لە ناو پێشمەرگە و تێکۆشەرانی بزاڤی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد، بە هەموو ئایدۆلۆژیایەکەوە وەکوو هێمای قارەمانەتی بە کار هێندراوە. هەر لە پێچانی برین و کفن کردن و ملپێچ و لە سەرکردن و هتد.
بەشداریکردنی رەنگ لە ئاخابانوو دا بە شێوەی یەکسان، کەش و هەوایەکی دەروونی وای خولقاندووە کە هەر دوو رەگەزی نێر و مێ بێ جیاوازی بە کاری دەهێنێ.
شێوازی گرێدانی ئاخابانوو پە پێی حآڵەتی خۆ کۆکردنەوەی پاراستن و ئارامی کۆمەڵگا و نەریتی جوگڕافیایی جیاوازە و هەر گرێیەک و لفکەیەکی فەلسەفەی تایبەت بە خۆی هەیە.
تێبینی:
لە هەندێک ناوچە لە کوردستاندا پێچ و کڵاو بە کار دەهێندرێت کە ئەو دۆخە لە ناو موکوریان دا بە شێوازی رەنگا و رەنگ بەرچاو دەکەوێ، هەرێمی کەڵوڕیش داژداری جۆرێک پێچ و کڵاوی رەشە. ئەو دۆخە تاقانانە لە کۆمەڵگای کوردیدا لە سەر بنەمای کۆمەڵناسی جوگڕافیایی لە کۆمەڵگای کوردیدا شی دەکرێتەوە.