چارلس تیللی یه‌كێکه له گه‌وره مێژونوسانی ده‌وڵه‌ت، مێژووی ده‌وڵه‌ت له ئه‌وروپا له دێڕێكدا کۆئهكاتهوه: شهر ده‌وڵه‌ت دروست ده‌کات، ده‌وڵه‌ت شهر ئه‌کات. شهر ته‌نها به‌ڵا نیه، به‌ڵکو لایه‌نی پۆزهتیفیشی هه‌یه. به‌ڵام سودبینین له شهر سه‌ره‌تا پێویستی به درککردنه به پێداویسته فره‌لایه‌نه‌کانی شه‌ڕ. له کاتێکدا که کوردستان له گه‌ڵ هێزێکی وه‌ها به‌ربه‌ریدا ئه‌جه‌نگێت کاتی ئه‌وه‌یه که ببینه دژه به‌ربه‌ری. ئه‌مه جۆرێکه له شوناسێکی جیهانی. به‌ربه‌ریه‌ت لێره‌دا وه‌ك چه‌مکێک به‌كارهاتوه نه‌ک وه‌ك جنێوێک. به‌ربه‌ریه‌ت بریتیه له دژایه‌تی بونیادنان، دژایه‌تی کهڵهکهكردن، دژایه‌تی ئاسایش، دژایه‌تی که‌لتور و مرۆڤبوون. به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی ئێمه ببینه خاوه‌نی شوناسی دژه به‌ربه‌ری پێویسته زۆر کار بکه‌ین. چۆن بونیاددهنێیت، چۆن رێگهدهدهیت هه‌تا که‌ڵه‌که‌بوون بێته ئاراوه، چۆن دادپه‌روه‌ری پیادهدهکهیت، هه‌موو ئه‌مانه له سه‌ر دیدی تۆ وه‌ستاوه بۆ دونیا. به‌ربه‌ریه‌تی ئاینی بریتیه له خاپورکردنی ئه‌م دونیا به هه‌موو پێکهاته و که‌لتور و مرۆڤه‌کانیه‌وه له پێناو دونیایه‌كی تردا. ئه‌مه کرۆکی دیدی عه‌لمانی مرۆڤانه‌یه له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ئاینی ئهودونیایی.
له دووه‌م جه‌نگی به‌ریتانیا له گه‌ڵ هۆڵه‌ندا که له ساڵی ١٦٦٤ بۆ ١٦٦٧ی خایاندا له ساڵی ١٦٦٥ ولیه‌م پێتی بۆ یه‌كه‌مجار ئامارێکی بۆ داهات و مه‌سره‌ف و ژماره‌ی دانیشتوان و پانتایی خاک و سه‌رمایه‌كانی تری به‌ریتانیا تۆمارکردن له پێناو هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رمایه‌ی وڵات بۆ شه‌ڕی له گه‌ڵ هۆڵه‌ندیه‌کاندا. ئه‌مه سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌وه‌یه که له ئابوری‌دا پێی ده‌ڵێن جی دی پی. GDP: gross domestic product که یانی بڕی به‌رهه‌می ناوخۆ پێش لێده‌كردنی باج، به زمانێکی ئابوری گرۆس ئه‌وه‌یه که هێشتا نێتnet نیه. زانین و ئامارکردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات له پێناو رێکخستن و په‌ره‌پێدان، یه‌كێكه له هه‌نگاوه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی حکومداری. له زمانی ئینگلیزی‌دا ده‌وڵه‌ت state و ئامار statistic یه‌ک سه‌رچاوه‌یان هه‌یه. ئه‌م ماوه‌یه که مه‌سه‌له‌ی قه‌رزکردنی هه‌رێم هاته ئاراوه، له گه‌ڵیدا مه‌سه‌له‌ی جی دی پیش هاته ئاراوه. به گشتی زانیاریه‌كی که‌م ده‌رباره‌ی جی دی پی هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مه مایه‌ی سه‌رسوڕمان نیه چونکه کورد به زۆر له مه‌سه‌له‌كانی تری حوکمڕانی ئاشنا نیه. جی دی پی به‌و شێوه‌یه‌ی که ئه‌مڕۆ ده‌زانرێت له رۆژئاواش کۆن نیه، مێژوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیه‌كان هه‌تا پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م. به‌ڵام به ئاوڕێک له مێژووی ئابوری‌دا زۆر شتمان بۆ روون ده‌بێته‌وه که چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک پێش ئێستا له رۆژئاوا مایه‌ی قسه له سه‌رکردن بوه، ئه‌مڕۆ له کوردستان جێگای مشتومڕه. بۆ نموونه هه‌ردوو چه‌مکی کاری به‌به‌رهه‌م و کاری بێبه‌رهه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاده‌م سمث له کتێبی ناسراوی سه‌روه‌تی گه‌لاندا که له ساڵی ١٧٧٦ له چاپی داوه. ئێستا پرسێکی له‌مجۆره له کوردستان هه‌نوکه‌ییه. ڕه‌نگه پرسی ئه‌وه‌ی که کار چیه؟ له ئێستادا له هه‌موو پرسیارێکی تر هه‌نووکه‌یی بێت. کار وه‌ك ئه‌وه‌ی له رۆژئاوا باوه به‌رهه‌می مۆدێرنه‌یه، وه‌ك ئه‌ندێ گرۆتس له کتێبی ڕه‌خنه‌ی عه‌قڵی ئابوری‌دا Andre Groz: Critique of Economic Reason باسی ده‌كات. کار له دونیای ئێمه‌دا له پشێویهكدایه له نێوان مۆدێرنه‌و که‌له‌پور. ئه‌نجامدانی کارێکی قووڵی کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌لتوری و فه‌لسه‌فی له دونیای کوردی‌دا بۆ به‌های کار و چۆنێتی بینی کار کارێکی هه‌نوکه‌ییه. به داخه‌وه کوردستان بیرمه‌ندی مارکسی تیادا نیه!
داعش له رووی ئابوریه‌وه ئێمه‌ی رووبه‌رووی کۆمه‌ڵێک ڕاستی کردوه‌وه: یه‌که‌م، ئێمه نه‌یارمان هه‌یه، نه‌یاری ئاسایی نا، به‌ڵکو نه‌یاری دڕنده، که ئاماده‌یه هه‌رچیه‌کمان هه‌یه وێرانی بکات. رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌یاریه پێویستی به هێزه. هێز له فۆرمیلایهکی زۆر ئاڵۆزدا به‌رهه‌م دێت. له قسه‌کردن له گه‌ڵ به‌رپرسه ئه‌مریکیه‌کان له رۆژانی ڕابوردوودا، هه‌میشه هانی ئه‌وه‌یان ئه‌دا که چۆن ئێمه بتوانین پشت به خۆمان ببه‌ستین، له رووی داکۆکیکردن له خۆ، به‌رگریکردن له خۆ، پاراستنی خۆمان و دابینکردنی ئاسایشی خۆمان. هه‌موو ئه‌مانه پێویستی به‌وه‌یه که چۆن ئابوری مۆدرین بێته ئاراوه، چۆن بزانین جی دی پی وڵات چیه، چۆن په‌ره‌ی پێبدرێت و رێکبخرێت، له سه‌رووی هه‌موویه‌وه چۆن بپێورێت. ئێمه نازانین جی دی پی چیه، ناتوانین بیپێوین، له ئه‌نجامدا ناتوانین پلان بۆ قه‌ێرانی ئابوری وچۆنێتی گه‌شانه‌وه‌ی دابنێین. ئێمه له رووی ئابوریه‌وه دوو لاوازی ترسناکمان هه‌یه: یه‌که‌م، پشت به‌ستن به سامانی سروشتی که نرخه‌که‌ی له ده‌ستی خۆماندا نیه، (ئه‌مه له ئابوری‌دا پێی ده‌ڵێن ڤۆلهتیلیتی volatility دوو، نه‌بوونی سه‌روه‌ری یاسایی به سه‌ر ئه‌م سامانه‌دا. به زمانێکی تر ئێمه خاوه‌ن سامانێکین که نه له‌رووی سه‌روه‌ریه‌وه خاوه‌نینی و نه له رووی نرخه‌وه. ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێمه له رووی دیفاکتۆە (ئه‌مری واقیع) خاوه‌نین. بۆیه هه‌رچی زوو په‌له‌بکه‌ین له‌وه‌ی که چۆن ئه‌م دوو ڕه‌هه‌نده چارسه‌ر بکه‌ین دره‌نگه. جارێکی تر، چاره‌سه‌ری ئه‌م دوو بواره پێویستی به سیسته‌مێکی ئابوری ناوخۆیی هه‌یه.
وانه‌یه‌كی تری به‌بایه‌خ که داعش به ئێمه‌ی دا ئه‌وه‌یه که چۆن ببینه خاوه‌ن سوپا. به‌بێ سوپا نه‌ته‌وه بوونی نیه، به‌بێ سوپا وڵات بونی نابێت. گۆڕینی پێشمه‌رگه بۆ سوپا پیویستی به گۆڕینی عه‌قڵیه‌تی حکومڕانیه له هه‌رێم؛ له ته‌قلیدی خێڵه‌کیه‌وه (خێڵه‌كی به مانای فیوداڵی پێش مۆدرێن) بۆ عه‌قڵیه‌تی مۆدرێن. سوپا مۆدرینترین ده‌زگایه. لای زۆرێک له بیرمه‌ندانی رۆژئاواش تاقه هێز و باشترین کاراکته‌ری مۆدرێنکهری کۆمه‌ڵگایه، ئه‌مه زۆر لای هه‌نتنگتۆن تۆخ ده‌بێته‌وه. ئه‌مڕۆ هێزێکی گه‌وره‌ی وه‌ک ئه‌مریکا ئاماده‌یه که هاوکاری کوردبکات بۆ بونیادنانی سوپا و بوونی بنکه‌ی نیمچه هه‌میشه‌یی و هه‌روه‌ها پێدانی چه‌ك. دیاره هه‌ریه‌ك له‌م هه‌نگاوانه ده‌كرێت بڵێین که چه‌ندین رووی تری هه‌یه به‌ڵام بۆ کورد هه‌مووی ده‌چنه خانه‌ی بونیادنانی سوپا، بونیادنانی په‌یوه‌ندی، له سه‌روی هه‌موویه‌وه بونیادنانی ئاسایش.
له روویه‌كی تره‌وه داعش عێراقی به ئاستێک لاوازکرد که جارێکی تر به ئاسانی نابێته‌وه به وڵاتێکی ناوه‌ندی، له هه‌مانکاتدا ده‌ستی وڵاتانی دراوسێی زیاتر درێژکرد. گه‌ر ئه‌مانه نه‌رێ بن ئه‌وا هاتنه‌وه‌ی هێزێکی وه‌ك ئه‌مریکا له گه‌ڵ وڵاتانی تری وه‌ك ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا کارێکی سودمه‌نده بۆ کورد. ئه‌ڵمانه‌كان ڕاسته‌وخۆ هاوکارن له بونیادنانی سوپادا، هه‌روه‌ها ئه‌مریکیه‌کانیش. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه خۆمانین. بۆئه‌وه‌ی زۆرترین سود له‌م ده‌رفه‌تانه وه‌ربگرین ئه‌وا ده‌بێت شێوازی حکومداری ناوخۆمان زیاتر دادپه‌روه‌ر و زیاتر ئازاد و زیاتر سه‌رده‌میانه بکه‌ین. ئه‌وه‌ی شایانی باسه له داعش ته‌نها بۆ کوردانی باشور نابێته ده‌رفه‌ت به‌ڵك وبۆ کوردانی باکور و رۆژئاواش. له ئه‌نجامی داعش به‌م زوانه پرۆسه‌ی ئاشتی گوڕێکی باش به خۆیه‌وه ده‌بینێت، ئه‌م ته‌كانه ده‌بێته رێگا خۆشکه‌ر بۆ هاتنی کوردانی رۆژئاوا بۆ ناو دونیای رۆژئاوا، که مه‌رجی سه‌ره‌كی مانه‌وه و بههێزبونیانه.