هه‌ینی 6 ئه‌یلول 2024

كوردستان نابێتە قوربانیی تیرۆریزمی ئیسلامی / ئەكرەمی میهرداد

زۆركەس وایان دەزانی داعش لەدوای داگیركردنی ئاسانی موسڵ، یان وەكو خۆیان دەڵێن فەتحی موسڵ، پەلاماری بەغداد بدەن. بەڵام ڕووی دڕندەیی و تفەنگەكانیان كردە كوردستان و بەتایبەتی بەرەو ئەو ناوچانەی كە نیشتمانی دێرین و ڕەسەنی ئێزیدی و مەسیحی و شەبەك و توركمانەكانە، بۆیەش ئەمكارەیان كرد، چونكە ئەوان وەكو هەموو فاشیستەكانی دیكە سەرەتا توندوتیژی و دڕندەیی خۆیان لەسەر ئەو كەمایەتیە لاوازكراوانە تاقی دەكەنەوە كە هێزەكانی مێژوو فەرامۆش و پەراوێزیان كردوون، یان بوونەتە میراتگرانی ئەوانەی كە لە فەرمان و هێرشەكانی ئەو هێزانە بەجێماون. ئەگەر ئەمكارەشیان بۆ بچێتە سەر، هەروەكو چۆن فاشیست و نازیەكانی ئوروپا لەدوای كۆمەڵكوژی جولەكە و قەرەجەكان كردیان، پەلاماری هەموو ئەوانە دەدەن كە خۆیان بە دوژمن و نەیاری دەزانن،كە هەموو فاشیستەكانی وەكو داعش كەسان و میللەتان و ئایینە جیاوازەكان بە كافر دەزانن.
ئەگەر داعش بۆیان بكرێت بێگومان نەك تەنها كەمایەتیە ئایینی و نەتەوەییەكان لەناو دەبەن، بەڵكو هەموو ئایین و مەزهەب و نەتەوەكانی دیكەی جگە لە سوننەی عەرەبیش كۆمەڵكوژ دەكەن. بەختی كوردیش وایە كە نزیكترین دراوسێی داعشە لە سنورەكانی كوردستانی باشوور و خۆرئاوا. لەسەرەتای دروستبوونی داعش لە سوریا و لە دوو ساڵی رابردوودا زۆرترین جەنگ و هێرشەكانی بەرەو ناوچە كوردییەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بووە بە ئامانجی لەناوبردنی كورد لە سوریا بە هەموو ئایین و مەزهەبەكانیەوە. ئەگەر لەمكارەدا سەركەوتوو بن، بێگومان ئەوجا لە دژی دەسەڵاتی عەلەوییەكانی دیمەشق وەردەچەرخێن. ئەوەی كە داعش لەماوەی دوو ساڵدا بەرامبەر كوردانی رۆژئاوا كردی لەماوەی دوو مانگدا لەدژی كوردستانی باشوور پیادەی كرد، واتە ئەو كارەی كرد كە دەبوایە پێش ڕوودانی سەركردایەتی سیاسی و سەربازی باشووری كوردستان لێی هۆشیار بوایە و ئامادەكاری و خۆسازدانی بۆ بكردایە. بەڵام حەیف ئەمجارەش دوژمنی خوێنەخۆر و دێرینی كوردستانی باشوور لەبەرگ و بەرنامەیەكی نوێدا، كە هەمان سوننەی عەرەبن، كوردیان خافڵگیر كرد و كۆمەڵكوژیەكی دیكەیان بۆ سازدایەوە.
پەلاماری داعش بۆ كوردستان و كۆمەڵكوژی و یەخسیركردنی چەند ناوچەیەكی ئازیز و خۆشەویستی كوردستان، وەكو شنگال ودەشتی نەینەوا و بەشێك لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم و رزگارنەكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن پێشمەرگەی كوردستان و نەوەشاندنی گورزی كاریگەر لەو داگیركارانە دەبێتە برینێكی دیكە لە جەستەی كوردستان و ناوچەیەكی دیكە لە كوردستان داگیر دەكرێت و ئیدی دەبێت چەند ناوێكی دیكە بۆ ناچە داگیركراوەكانمان زیاد بكرێت. لەدوای ئەوەش هەرچی بۆی بكرێت دێت و ناوچەیەكمان داگیر دەكات و سەرئەنجام هەموو ئەوانەی خۆیان بە نەیار و دوژمنی كورد دەزانن ئەگەر بۆیان بكرێت هێز و دڕندەییان لەسەر ئێمە تاقی دەكەنەوە. ئەم ڕەوشە نەخواستەیە هەمان مێژووی جولەكەمان لە ئوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیر دەهێنێتەوە كە چەوساندنەوە و لەناوبردنی ئەوان ببووە كاری ئاسایی و ئاسان و رۆژانەی هەموو زاڵمان و چەوسێنەران. لەناو خەڵكیشدا فەرهەنگ و سیاسەتی دژی جولەكە كرابووە دیدگای گشتی و مێژوو پێمان دەڵێت هەزاران و ملیۆنان خەڵكی جولەكە لە ترسان وازیان لە ئایینی خۆیان هێنا. ئەگەر ئەو هەلومەرجە دڕندانەی دژی جولەكە لەلای هەموو ئوروپاییەكان نەبوایە، بێگومان بەو ئاسانیە دەسەڵاتی فاشیست و بەرگ ڕەشی نازییەكان هۆڵۆكۆست و كۆمەڵكوژی جولەكەیان بۆ مەیسەر نەدەبوو. ئێستاش داعشە فاشیست و بەرگ ڕەشەكانی سوننەی عەرەب و تیرۆریزمی ئیسلامی دەیانەوێت قوربانیەكی خۆشدەست و ئاسان بۆ خۆیان ساز بدەن و پرۆڤە لەسەر كۆمەڵكوژی كورد بكەن و پاشان پەلاماری هەموو جیهان بدەن. بەبەرچاوی هەموو وڵاتانی ئیسلامی سونەوە داعش كۆكۆژی لە دژی كورد ئەنجامدەدات و هیچیان كاردانەوەیان نیە، ئەمەش هەمان رەوشی كۆكوژی ئەرمەنەكانە لەسەر دەستی تورك و جولەكەكانە لەسەر دەستی نازییەكانی ئەڵمان كە كەس لەسەریان بە وەڵام نەهات.

ئەوانەی كە ئەمجارە لەسەر كورد لە دژی داعش وەستان هەموو ئەو وڵاتانە بوون كە یان مەسیحین یان وەكو ئێران شیعەن، یان وەكو لوبنان گرفتاری دەستی تیرۆریزمی سوننەی ئیسلامین و وڵاتانی ئیسلامی سوننی دیسان وەكو سەردەمی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە داكۆكییان لە كورد نەكرد. بەڵام كاری گرنگ و پەیگیری كوردان لە دژی داعش لەپێناوی ئەوەی نەبن بە قوربانی ئەم تیرۆریزمە ڕەشەی ئیسلام ئەوەیە كە كوردستان بكرێتە گۆڕستانی داعش. هەرچەندە ئەوان بە سەختی دوو بەشی كوردستانیان بریندار كردووە، بەڵام كوردستانیش لەهەموو وڵاتان زیاتر دەستی لەوان وەشاندووە.هاوكاری و یارمەتی سەربازی و مرۆیی وڵاتانی ئەمریكا و ئوروپا و ئوسترالیا توانی هەلومەرجی سەربازی لە قازانجی كورد بگۆڕێت، بەڵام پێشمەرگە ئێستا ئەو قارەمانەیە كە نەیهێشت جارێكی دیكە كورد بكرێتەوە قوربانی.

باشترین وەڵامی كورد بەرامبەر بە تیرۆرزمی ئیسلامی بە داعش و هاوشێوەكانی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە، ئەوەیە كە بزاڤی نیشتمانی و دیموكراسی و مرۆڤانەی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان ئەو بڕیارە بدات كە نابێت چیدی كوردستان بكرێتە قوربانی سیاسەت و پەلامارەكانی هێزە بەد و چەوسێنەرەكانی ناوچەكە. ئەگەر ئەم بڕیارە بە پلان و وردبینی سیاسی جێبەجێ بكرێت، دەبێت ناسین و شارەزابوونی سیاسی كوردی بەجۆرێك بێت كە ژمارەی دوژمنەكانی زیاد نەكرێن. لەعێراقدا دەبێت پەیوەندی سیاسی نێوان كورد و شیعە نۆژەن بكرێتەوە و كەلێن و هەڵەكانی بەشێك لە سەركردایەتی كورد و شیعە پڕ بكرێتەوە بە دۆستایەتی و تێگەیشتنی هاوسەنگ و هاوبەرژەوەندی. تەنانەت ئەگەر كوردستانیش لە عێراق جیاببێتەوە دیسان كورد و شیعە بەرامبەر بە تیرۆریزمی دێرین و نادیاری ناو سوننەی عەرەب پێویستیان بە هاوكاری  و پشتیوانی یەكتر هەیە. لەوەتەی كورد و شیعە ناچار كراون لەژێر چەوسانەوەی سوننەی عەرەبی و نەژادپەرستدا بەشێك بن لە عێراق، هەمیشە لە چەوسانەوەی هاوبەش و خەباتی هاوبەشدا پێكەوە بوون. ئێستاش كە هەردوولا ئازادبوون دەبێت چاك ئەوە بزانن كە هەر كەسێك یان لایەنێك ئەم مێژوو و ئایندە هاوبەشە تێكبدات یان دەبێتە دوژمن یان نەیارانی ناوخۆی هەردوولان.

ئەو كاتەی كە هێزەكانی پێشمەرگەی ناوچەكانی شنگال و زوممار و ڕەبیعەیان بەبێ داكۆكی و شەڕ بەجێهێشت وداعشەكان پەلاماری ئیزیدی و شەبەك و مەسیحی و كاكەیی و توركمانەكانی ئەو ناوچانەیاندا و هەرچی خراپ و ناخۆشە لەدژی ئەوان كردیان. یەكەم كەسان و لایەن كە خێرا چوون بە هانای چیای شنگال و خەڵكانی پەنابردوو بۆ ئەو پەناگا رزگاركەرە مێژووییە، جەنگاوەرانی كوردستانی رۆژئاوا و پێشمەرگەكانی یەپەگە بوون كە فریادڕەسی ئەوان دەبێت لە مێژودا بەو قارەمانیەتە بنووسرێت كە نەیانهێشیت هەموو پەنابەرانی چیای شنگال لەلایەن تیرۆریزمی ئیسلامیەوە كۆمەڵكوژ بكرێن و جارێكی دیكە كورد بكرێتەوە بە قوربانی. پەلاماری جەنگاوەرانی یەپەگە لەدژی داعش ئەو رزگاركەرانە بوون كە نەیانهێشیت نەك تەنها ئێزیدی بەڵكو مەسیحی و شەبەك و توركمانەكانیش لەناو ببرێن، كە ئەوانەی داعشیان سازدابوو یان ئامادە و پڕچەكیان كردبوون بۆ ئەوە بوو پێش ئەوەی هەموو عێراق داگیر بكەن سەرەتا كورد و هەموو ئەو كەمایەتیە ئایینی و مەزهەبیانە لەناوبەرن كە هەزاران ساڵە لە كوردستان بە ئارامی و هێمنی ژیاون.

داستانەكانی هەڵمەت و بەرگری هێزەكانی یەپەگە و گەریلاكانی پەكەكە، كە ئێستا بەشێكن لە هەواڵ و ڕاپۆرتەكانی میدیا و ناوەندە سیاسی و ستراتیژییەكانی ئەمریكا وئوروپا و تەنانەت بەشێك لە رۆژنامە و میدیاكانی عەرەبیش باسیان دەكەن. ئەم داستانانە دەتوانن ئەو سەرەتایە بن كە یەكێتی نیشتمانی نێوان هەموو بەش و پارچەكانی كوردستان لە سەنگەرەكاندا باشتر دێتە دی، نەك لە كۆشك و تەلار و هۆتێلە پێنج ئەستێرەكان. كۆنگرەی نەتەوەیی و نیشتمانی كوردستان ئێستا لە سەنگەر و مەیدانەكانی جەنگ و بەرخۆدانی جەلەولا و خورماتوو و مەخمور و شنگال و زوممار و ڕەبیعە و باشووری كەركوكدا بە تەواوی جێبەجێ كراوە. كۆنگرەی نەتەوەیی و نیشتمانی كوردان لەسەنگەر و بەرخوداندا لەكەمترلەمانگێك لەوناوچانەدا هاتەدی, لەكاتێكدا كۆنگرە نەتەوەییەكەی هەولێر لەبەر دەستوەردانی دەوڵەتانی داگیركارو دابەشكاری كوردستان و تەماع و داواكاری هەندێك لە حیزبە كوردستانیەكان لەچەند مانگی گفتوگۆ و دانوستاندا هیچی لێ سەوز نەبوو. سەرئەنجام دەبێ كورد باش بزانێت كە تەنها یەكێتی نەتەوەیی و نیشتمانی نێوان هێزە كوردیەكان باشترین هۆكار و ئامڕازی دژایەتی دوژمنان و نەیارانی كوردە .هەركەس و لایەنێك بەهەر ناوێكەوە لەمپەر و كۆسپ لەبەردەم ئەم هاوخەباتی و هاوبەشیە دابنێت، تەنها كورد لاواز دەكات بەرامبەر هێرش و پەلاماری دوژمنان، بەتایبەتی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریزمی ئیسلامی و هاوكارەكانیان لە دەوڵەتانی ناوچەكە.

قەدەرێكی دیكەی كوردستان ئەوەیە كە لە بەرەی وڵاتانی ئازاد و دیموكراسیدا پارێزەری ئەو كەمە نەتەوایەتی و ئاینانە بێت كەسەدان و هەزاران ساڵە بەهۆی خەبات و تێكۆشانی خۆیان و كوردەوە نەیان هێشتوە فەرمان و پەلامارەكانی داگیركەران و چەوسێنەران لەناویان بەرێت كورد هە میشە هەلومەرجی چەوسانەوەو قوربانی خۆی كردۆتە قارەمانی، دەبێت ئەم جارە ئەو قارەمانێتیە تۆمار بكات كە كوردستان دەتوانێت مەسیحی و شەبەك و كاكەیی و ئیزدی و توركمان لەچنگی ڕەشی داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی ڕزگار بكات و كوردستان بكاتە گۆڕستانی ئەو فاشیستانەی عەرەبی سوننە. لەم هەلومەرجەدا هەوڵی كورد بۆ ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی كە زێد و نیشتمانی دێرینی ئەو كەمە نەتەوایەتی و ئاینیانەیە دەبێتە سەروەریەكی مەزن. ڕزگاركردنی موسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری، ئازاد كردنی شەنگال و ڕاوەدوونانی هێزەكانی تیرۆریزمی ئیسلامی و دوورخستنەوەی هەموو ئەوانەی كە هاوكار و هاوبەرژەوەندی داعش بوون لە پەلاماری شنگال و دەشتی موسڵ و ئامرلی و جەلەولاو سەعدیە دەبێتە یەكێك لە گەورەترین ئەرك و سەروەریەكانی كورد و پێشمەرگە بۆداكۆكی و پاراستنی مرۆڤایەتی ئازاد و دیموكرات لە هەموو ئایین و نەتەوەكانی كە لە عێراق و سوریادا دەژین . داكۆكی و پەلاماری پێشمەرگە  لەو ناوچانە سەرەتای ئەو شانازی و سەروەریەن كە كوردستان دەبێتە  گۆڕستانی داعش و تیرۆریزمی  ئیسلامی و ئەم نیشتمانەش دەكاتە ئەو قارەمانەی كە دەتوانێ و دەبێ داعش لەناوبەرێت .لەم ڕەوشەدا باشترین كار هێرش و پەلامارە نەك تەنها دا كۆكی و بەرگری، هێرش و پەلامار ئەوەیە كەكورد و پێشمەرگە دەبێت بڕیار بدەن لەگەڵ جیهانی ئازاد و دیموكراتدا داعش و  ئەوانی دیكە  تیرۆریزمی ئیسلامی لەناو بەرێت، نەك تەنها لەخۆی دووریان بخاتەوە.مێژووی مرۆڤایەتی كوردستانی دەست نیشان كردووە بۆ لەناو بردنی  داعش و هاوشێوەكانی ،بڕوام وایە كە دەبێت  كوردستان شایانی ئەو شانازی و قارەمانێتیە بێت!

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.