زیندانیانی سیاسی زیندانی ناوەندیی ورمێ (دەریا) كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو مانگرتنەكەیان لە سەر داوا و بەڵێنی دادوەریی گشتیی پارێزگای “ورمێ” كۆتایی پێهێناوە.
بە پێی ئەو هەواڵانەی بە “زاگرۆس پۆست” گەیشتووە، كاتژمێر 11ی شەوی دووشەممە یەكی مانگی بەفرانبار، لە سەر داوای دادوەری گشتیی پارێزگای ورمێ و هەروەها پاش گواستنەوەی 32 كەس لە زیندانیانی ئاساییی لە نێو بەندی 12ی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ شوێنەكانی خۆیان و گێڕانەوەی نیوەیەك لە زیندانیانی سیاسی بۆ نێو بەندەكەی خۆیان و هەروەها دانی بەڵێن بە مەبەستی جێبەجێ كردنی هەموو داواكاریی زیندانیان، مانگرتنەكە كۆتایی پێهاتووە و زیندانیانی سیاسیش لە چاوەڕوانی جێبەجێ كردنی تەواوەتی بەڵێنەكانی دادوەری گشتیدان.
هەر لەو پەیوەندەدا، “یوسف رەحمانیپوور” نوێنەری تایبەتی كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لەكوردستان، وێڕای پشتڕاست كردنەوەی ئەو هواڵە بۆ “زاگرۆس پۆست”، ئاماژەی بەوە داوە، كە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی كۆتایی پێهاتووە و ئەو مانگرتنەش تەنیا لەسەر بەڵێنەكانی دادوەری گشتیی پارێزگای ورمێ بە مەبەستی جێبەجێ كردنی داواكاریی زیندانیانی سیاسی بووە.
“یوسف رەحمانیپوور” لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەكات، كە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی بابەتێكی نەتەوەییە و لە نێو ئەو زیندانیانەدا كەسی نزیك لە هەموو حیزبەكان بوونی هەیە و هیچ لایەنێك ناتوانێ ئەو زیندانیانە بە موڵكی خۆی بزانێ و ئیدعای ئەوە بكات، كە لە سەر داوای لایەنێكی تایبەت ئەو مانگرتنە كۆتایی پێهاتووە.
جێگای ئاماژەیە، ئەمڕۆ لە لایەن چەند ناوەندی راگەیاندنی سەر بە حیزبە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هەواڵ و راپۆرت و لێدوانی جۆراوجۆر بڵاو كرایەوە، كە هەر كامەیان باسێكی جیاوازیان لەسەر كۆتایی پێهاتن و درێژەی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی دەكرد و هەندێكیان ئیدعای ئەوەیان دەكرد، كە لە سەر داوای ئەوان زیندانیان كۆتاییان بە مانگرتنەكەیان هێناوە.
“زاگرۆس پۆست” بە پشت بەستن بە هەواڵەكانی خۆی، كە لە زیندانی ناوەندیی “ورمێ”ەوە پێی گەیشتووە و هەروەها لێدوانی نوێنەری تایبەتی كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە كوردستان، هەر چەشنە ئیدعایەك لەسەر كۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە سەر داوای لایەنێكی تایبەت ڕەت دەكاتەوە و بەڵێنەكانی دادوەری گشتیی پارێزگای ورمێ بە هۆكاری سەرەكیی كۆتایی هێنان بەودەزانێت و باس لەوەش دەكات، كە “ساڵح نیكبەخت” پارێزەری تایبەتی ئەو زیندانیانە، هەواڵی كۆتایی هاتنی مانگرتنەكەی پشتڕاست كردووەتەوە.