فەرماندەی هێزە ئینتزامیەكانی كۆماری ئیسلامی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، دەڵێ: مەئمورێكی ئەو هێزانە كە رۆژی هەینی رابردوو بە هۆی تێكهەڵچوون لەگەڵ چەند كەسێكی چەكدار بریندار ببوو، رۆژی یەكشەممە 23ی مانگی سەرماوەز لە نەخۆشخانەی شاری زاهێدان مردووە.
تێكهەڵچوونەكانی سیستان و بەلوچستان لە كاتێكدا درێژەی هەیە، كە چالاكانی بەلووچ باس لە كوژرانی 8 كەسی مەدەنی بە دەستی چەكدارانی كۆماری ئیسلامی دەكەن.
حسێن رەحیمی، بە ماڵپەڕی حكومەتیی ئیرنای راگەیاندووە، كە ئەو مەئمورە كە كوژراوە ناوی “محەمەد پەنجە كوبی” بووە و بە هۆی تێكهەڵچوون لەگەڵ كەسانی چەكدار لە گوندی “وركات” لە بەشی “لاشار” سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بریندار و لە نەخۆشخانەی زاهیدان مردووە. بە وتەی ناوبراو یەكێكی دیكە لە هێزە هێرشبەرەكانیش لەو تێكهەڵچوونانەدا كوژراوە.
هەر لەو پەیوەندەدا راپۆرتێكی چالاكانی بەلووچ باس لەوە دەكات، كە لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا 8 كەسی مەدەنی بەلووچ لەوانە گەنجان و خەڵكی ریش سپی بەلوچستان بە دەستی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كوژراون و تەرمی ئەو كەسان لە رۆژانی رابردوودا و پاش بێ سەروشوێن بوون، بە دەست و پێی بەستراو لە ناوچە بیابانیەكانی بەلوچستان دۆزراوەتەوە.
شایانی باسە، شەڕ و پێكدادان لە سنوورەكانی سیستان و بەلوچستانی ئێران لەگەڵ ئەفغانستان و پاكستان، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بووەتە هۆی كوژرانی دەیان هاوڵاتیی و چەكداری دامەزراوە بەلوچەكان و هەروەها كوژران و بریندار بوون و لەنێچوونی چەندین دەزگا ئۆتۆمبیلی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی.