شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

عەبدوڵڵا حەسەن زادە: ئێمە شەڕی هێزە ئیسلامیەكانمان پێ ناكرێ

“عەبدوڵڵا حەسەن زادە” سكرتێری پێشووی “حیزبی دیمكراتی كوردستان” لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی “وشە” چەندین بابەتی جۆراوجۆری وروژاندووە، كە یەكێك لە گرنگترینەكانیان تیشك خستنە سەر مەسەلەی “ناسیۆنالیسم و ئایین” بووە.

“عەبدوڵڵا حەسەن زادە” ناسراو بە “مەلا عەودڵا”، لە دیمانەیەكەی لەگەڵ رۆژنامەی “وشە”، وتوویەتی: لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو هێزانەی ناوی ئیسلامی لەسەر خۆیان دادەنێن ئەگەر لە بەرامبەری هێزە نەتەوەییەكانیان دابنێین، ئەوا كارێكی نا دروستمان كردوە. چونكە یەكەم، ئەوانە هەستی نەتەوەییان هەیە و كوردن، دووەم، ئەوانەی لەنێو هێزە نەتەوەییەكانیشدان، بەشێكی یەكجار زۆریان مسوڵمانن.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: بەڵام هێزە ئیسلامییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هێزی وا توندڕەویان تێدا نییە و هێزی واشیان تێدا نییە دژایەتیی ماف و ئازادییەكانی كورد بكا. رەنگە لەگەڵ سیاسەتی ئەم حیزب یان ئەو حیزب، لەسەر هەندێك بنەمای فكری ناكۆكییان هەبێ، بەڵام ناكرێ ئەوانە بە دوژمنی ماف و ئازادییەكانی كورد دابنرێن.

“حەسەن زادە” دەشڵێ: حیزبە سیاسییەكان دەبێ بەدوای رێككەوتن و لێك‌تێگەیشتن لەگەڵ ئەو هێزە ئیسلامییانەدا بگەڕێن نەك ئەوەی بیانخەنە بەرەی دوژمنانەوە. چونكە ئێمە ناتوانین هەم لەگەڵ كۆماری ئیسلامی و هەم لەگەڵ دژبەرانی كۆماری ئیسلامی دژایەتی بكەین.

ئەم وتانەی “عەبدوڵڵا حەسەن زادە” لە حاڵێكدایە، كە هێزە ئیسلامیە سەلەفیە توندئاژۆەكانی نێو رۆژهەڵاتی كوردستان تەنگیان بە خەڵك هەڵچنیوە و بە دەیان راپۆرت لە ماوەی رابردوو سەبارەت بە پڕوپاگەندە و مانۆڕی ئەو تاقمە ئیسلامیانە بڵاو بووەتەوە و هەفتەی رابردووش لە شەقامی غەفوور لە شاری “سنە” ئیسلامیەكانی لایەنگری داعش هێرشیان كردبووە سەر چەند لاوێك و 2 كەسیان بە شمشێر بریندار رەوانەی نەخۆشخانە كردبوو.

لە هەمان كاتدا رۆژنامەوان “موختار هوشمەند” لەم رۆژانەی دواییدا باسی لەوە كردبوو، كە نزیك بە 100 كەس لە شارە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بە رێكخراوی توندڕەوی داعشەوە پەیوەست بوون و تا ئێستا چەندین كەسیشیان لێ كوژراوە.

ئێستاكە بیری ئایینی توندڕەو و سەلەفی لە كوردستان بە ئاستێكی زۆر لە حاڵی پەرەسەندندایە و ئەمەش مەترسی لای چالاكانی سیاسی و مەدەنی ناوخۆ دروست كردووە و باس لەوە دەكەن، كە ئەو كەسانە لە لایەن كۆماری ئسلامیەوە ساپۆرت دەكرێن و هەڕەشەیان لێ كردوون دەبێ واز لە بیروبڕوای سیاسی خۆیان بهێنن و بەو چەشنە هەڕەشە و گوڕەشەیان لێ كردوون.

عەبدوڵا حەسەنزادە، لە درێژەدا دەڵێ: “ئەگەر لەبەر هەندێك هۆ نەبوایە، هێنانەگۆڕی بابەتێك بەناوی رۆژهەڵات تەوەری شتێكی زیادەبوو”.

بەم دواییانە بابەتی “رۆژهەڵات تەوەری” لەلایەن چەند حیزبی سیاسی لەوانە حیزبی دیموكراتی كوردستان لەناو كۆڕ‌و كۆمەڵی سیاسی‌و میدیاكانی ئەو حیزبە هاتە ئاراوە كە قسە‌و باسی لەسەر كرا. لەمبارەوە مەلا عەبدوڵا حەسەن زادە، نوسەر‌و سیاسی ناسراوی حیزبی دیموكرات لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی وشە پێیوایە هێنانە كایەی ئەو دەستەواژەیە شتێكی زیادەیە‌و دەڵێت “لەبەر ئەوەی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە بنی ڕا بۆ ئەوە دروست بووە كە رۆژهەڵات تەوەر بێ. دوو سێ مانای سەیرو سەمەرە بۆ رۆژهەڵات تەوەری دروست كران، وەك ئەوە كە حیزبی دیموكرات وازی لە هاوپەیوەندی لەگەڵ بەشەكانی دیكەی كوردستان هێناوە، نا وا نییە، یان دەیهەوێ هەموو كوردەكان بیر لە رۆژهەڵات بكەنەوە و بەشەكانی دیكە وەلا بنێن، نەخێر ئاواش نییە، بەڵام راستییەكە ئەوەیە، كوردی رۆژهەڵات بەجۆرێ لە جۆران، هەستەكەی زیاتر رووی لە بەشەكانی دیكەیە”.

مەلا عەبدوڵا هەروەها باس لەوەش دەكات، كە “لە زۆر بابەتی دیكەشدا كوردی رۆژهەڵات، سەرنجەكەی بۆ دەرەوەیە، بابەتی رۆژهەڵات تەوەری، مەبەستی ئەوەیە كە بڵێ كار بۆ رۆژهەڵات لە ئەولەوییەتی ئێمەدایە. ئەمریكاش ئەمریكا تەوەرە، كورد لە باشوور، باشوورتەوەرە، رۆژهەڵات تەوەری واتا تەوەری بزوتنەوەكەت رۆژهەڵات بێ، ئێستا كوردێكی باشوور، تەوەری كارەكەی باشووری كوردستانە، بەڵام بەو مانایە نییە كە كاری بە كوردەكانی دیكە نییە و هاوپەیوەندیی لەگەڵیان نییە، یان ئەگەر بۆی بكرێ یارمەتییان نادا و لە خەمیاندا نییە. بوونی ئەفكاری حیزبێك بە میحوەری كاری ئەو حیزبە، شتێكی زۆر سروشتییە. لەبەر ئەوەی بە جۆرێك لە جۆران كوردەكانی رۆژهەڵات و تەنانەت حیزبەكانیش سەرنجیان زیاتر لەسەر ڕووداوەكانی دەرەوەی ڕۆژهەڵات بوو، ئەو بابەتە هاتە گۆڕێ كە بڵێین لەپێشدا با لە خەمی خۆماندا بین و بۆخۆمان هەبین، ئەوجار بە هێزێكی زیاترەوە بیر لەوانی دیكە بكەینەوە، دیارە ئەوە رووی لە حیزبی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام بۆ هەموو رێخراوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان راستە كە هەموویان بۆیە دروست بوون كە لەوێدا كار بكەن، ئێمە زۆرمان ناوی ئێرانمان كردۆته بەشێك لە ناوی حیزبەكانمان‌، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لەوەتەی دامەزراوە قەت ناوی عێراقی لە ناوەكەیدا نەبووە، كەچی میحوەری كارو تێكۆشانی هەر باشووری كوردستان بووە، كەوابێ ئەو باشوور تەوەرە، دەبێ ئەمنیش رۆژهەڵات تەوەر بم، لە هەمانكاتدا بەپێی توانا، هەم ئێمە هاوكاری ئەوان بكەین و هەم ئەوان پشتیوانی لە ئێمە بكەن”.

 

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.