لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگی رابردوودا نزیكەی 40 چالاكی سیاسی، مەدەنی و پیشەیی كورد لە شارە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر، بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێكراوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “زاگرۆس پۆست”، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا “واحێد سەیدە” چالاكی كرێكاریی خەڵكی شاری “مەهاباد” و لە ئەندامانی كومیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە دامەزراندنی رێكخراوە كرێكارییەكان، كە بە مەبەستی بەشداریی لە رێوڕەسمی ئەسپەردە كردنی دایكی كە لە ماوەی رابردوودا كۆژی دوایی كردووبوو، مەرەخەسی پێ درابوو، هەمیسان گەڕایەوە بۆ زیندان بە مەبەستی تێپەڕاندنی درێژەیی حوكمی ئێعدامەكەی.
لە لایەكی دیكەوە، چالاكێكی كرێكاریی خەڵكی شاری “سنە” بە ناوی “مێهرداد ئەمین وەزیری” رۆژی هەینی 21ی مانگی سەرماوەز لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە كرابوو و رۆژی شەممە 22ی مانگی سەرماوەز پاش 2 كاتژمێر لێپرسینەوەی توند و بێ رێزیی لە لایەن لێپرسەرانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەو چالاكە كرێكارییە، ئازاد كراوە. بەڵام لە لایەن مەئمورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە داوای لێكراوە بەڵێنامەیەك بە مەبەستی ئەوەیكە چیتر لە كۆبوونەوەی نایاسایی لە چەشنی كۆبوونەوەكەی پشتیوانی لە خەڵكی قارەمان و خۆڕاگری كۆبانێ بەشداری نەكات، بەڵام “مێهرداد ئەمین وەزیری” بەشداریی لەو كۆبوونەوانەی رەت كردووەتەوە و بەڵێنامەكەی واژۆ نەكردووە.
“مێهرداد ئەمین وەزیری” ساڵی 1390ی هەتاویی بە ماوەی 32 رۆژ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستگیر و بە دانانی بارمتەی 15 میلیۆن تمەنی ئازاد كرا و دواتر لە رێكەوتی 30ی مانگی رەزبەری هەمان ساڵ و لە لقی یەكی دادگایی كۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، بە 5 ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو بە ماوەی 5 ساڵ حوكم درا.
لە درێژەی رەشبگیری و گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر هاوڵاتیان و چالاكانی كورد لە شارە جیاجیاكانی كوردستان، “حەسەن ئەحمەدی” خەڵكی ئاوایی “دەری” لە لایەن هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر و راپێچی شوێنێكی نادیار كراوە و بە پێی راپۆرتی كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی مەدەن، وێڕای بەدواداچوونی بنەماڵەكەی بەڵام هەتا ئێستاش ناوبراو چارەنووسی نادیارە.
ئەمەش لەحاڵێكدایە كە “حەسەن ئەحمەدی” پێشتر 2 جاری دیكە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە هۆی چالاكیی سیاسی دەستگیر كرابوو و بۆ ماوەیەكی كورت لە گرتووخانەدا بوو.
شایانی باسە، لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگی رابردوو نزیك بە 40 چالاكی سیاسی، مەدەنی و پیشەیی كورد لە شارە جیاجیاكانی كوردستانی رۆژهەڵات لە لایەن دام و دەگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە، بانگهێشت و دەستگیر كران.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە پاش كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ شەنگال و كۆبانێ و هەروەها رێكخستنی چەندین رێپێوانی شكۆدار لە لایەن خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ پشتیوانیی لە مقاومەت و خۆڕاگریی خەڵكی كۆبانێ و دژایەتی لەگەڵ هێرشەكانی داعش بۆ سەر كوردستان، گوشارەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر چالاكان و هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی كورد بە ئاستێكی یەكجار زۆر پەرەی سەندووە.