پێشمەرگەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەلایەن هاوڕێیەكی خۆی بەر دەستڕێژی گوللە دەدرێتو بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەكی نزیك لە حیزبی دیموكراتی كوردستان بە زاگرۆس پۆستی راگەیاند، نزیكەی 10 رۆژ لەوەپێش، پێشمەرگەیەكی دیموكرات بە ناوی “كاروان ئیسماعیلی” 24 ساڵ تەمەن و خەڵكی شاری شنۆ، لە نێو كەمپی “قەڵا”ی “حیزبی دیموكراتی كوردستان” لە نزیك شاری كۆیە، لە لایەن هاوڕێیەكی خۆیەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەستدەدات.
بەوتەی سەرچاوەكە “ئەو شەوەی رووداوەكە روویداوە، كاتژمێر 11ی شەو كاروان سەردانی قەڵا دەكات و لەوێ لەگەڵ هاوڕێیەكی بە ناوی “ئ . ن” تووشی دەمەقاڵە و تێكهەڵچوون دەبێ و دەڕواتە ژوورەوە كە چەكەكەی بهێنێ و تەقە لە كەسی ئاماژە پێ دراو بكات. كاتێ كاروان چەكەكەی دێنێ “ی . ن”ی دەست ناكەوێت، پاشان سەردانی یەكێك لە ژوورەكان دەكات، كە چەند پێشمەرگە تێیدا نووستوون، 2 تەقە لە سەقفی ماڵەكە دەكات، كاتێ كە یەكێك لە پێشمەرگەكان بە ناوی “چ” لە خەو رادەچەڵەكێ، چەكەكەی هەڵدەگرێت و تەقە لە كاروان دەكات و 14 گوللە لە كاروان دەدات و دەسبەجێ دەیكوژێت”.
زاگرۆس پۆست هەوڵیدا لێدوانی بەرپرسانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەمبارەوە وەرگرێت، بەڵام هیچیان بەردەست نەكەوتن.