ژمارەیەك لە چالاكانی مەدەنی شاری “بۆكان” بە نیشانەی ناڕەزایی بە دژی بێ رێزییەكانی دەنگ و رەنگی كۆماری ئیسلامی لە شاری “مەهاباد” بەرامبەر بە مامۆستا “حەسەن زیرەك” لە سەر گڵكۆی ئەو مامۆستا ناودارەی كوردستان، كۆبوونەوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە *زاگرۆس پۆست*، ئەوڕۆ هەینی 7ی مانگی سەرماوەز، نزیك بە 100 كەس لە چالاكان و هەڵسووڕاوانی مەدەنی شاری “بۆكان” بە نیشانەی ناڕەزایی بەرامبەر بە بێ رێزییەكانی دەنگ و رەنگی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە مامۆستای گۆڕانیبێژی ناسراوی كورد “حەسەن زیرەك” لە سەر گڵكۆی ئەو مامۆستایە كۆبوونەوە و بەو چەشنە ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەو بێ رێزییانە دەربڕیوە.
دەوترێ، لە كۆبوونەوەكەدا وێنەی مامۆستایان ناوداری كورد “حەسەن زیرەك و محەمەد ماملێ” لە لایەن بەشداربووانەوە بە دەستەوە گیراوە و هاوكات و بە یەك دەنگ سەڵای ئەوە بەرز كرداوەتەوە، كە بە هیچ شێوەیەك ئەو بێ رێزییە سیستماتیكەی دەنگ و رەنگی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ئەدەب و وێژە و كەلتووری كوردیی قبوڵ ناكەین.
جێگای وەبیرێهنانەوەیە، ماوەیەك پێش ئێستا، دەنگ و رەنگی (صدا و سیما) كۆماری ئیسلامی لە شاری “مەهاباد” بە دانانی راپرسیەك، پرسیاری ئەوەی كردبوو كە لە نێوان ئەم سێ گۆرانیبێژە كورد و فارسە، واتە “حەسەن زیرەك، مورتزا پاشایی و موحسن یگانە”، كامەیان دەنگیان خۆشترە و لایەنگری زۆری هەیە، كە لە ئاكامی راپرسیەكەدا “مورتزا پاشایی” رێژەی یەكەمی مسۆگەر كردبوو و مامۆستا “حەسەن زیرەك” وەكوو دووهەم كەس دیاری كراو و “موحسن یگانە”ش بوو بە سێهەم كەسی ئەو كێبەركیێە.
ئەم بێ رێزییەی كۆماری ئیسلامی بە مامۆستای ناسراوی كورد “حەسەن زیرەك” ناڕەزاییەكی زۆری لە ئاستی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و نێو هاوڵاتیاندا لێ كەوتەوە و لە ئاكامی كۆبوونەوەیەكی ناڕازیانەی خەڵكی شاری مەهاباد بەو بۆنەوە، نزیك بە 100 كەس دەستگیر كران كە هەتا ئێستاش چارەنووسی ژمارەیەكیان نادیارە.