جێگری وەزیری پیشەسازیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەواڵێكدا بڵاوی كردەوە كە ١٤ هەزار یەكەی بەرهەمهێنان داخراون و ٢٢ هەزاری دیكەش بە شێوەی نیوە چالاك كار دەكەن.
هەواڵنێرییە حكومەتیەكان باس لەوە دەكەن، كە جێگری وەزیری پیشەسازیی، كان و بازرگانیی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە: ٣٦ هەزار یەكەی پیشەیی و بەرهەمهێنان لە ئێراندا بە هۆی نەبوونی توانای ماڵی و بارودۆخی نالەباری ئابووری، داخراون یان بە شێوەی نیوەچڵ درێژە بە كار دەدەن.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پیشەسازیی، كان و بازرگانی هەنووكە زیاتر لە ١٤ هەزار یەكەی بەرهەمهێنان لە ئێران داخراون.
ئامارەكانی وەزارەتی پیشەسازیی، كان و بازرگانی هەروەها دەرخەری ئەوەیە كە ٢٢ هەزار یەكەی بەرهەمهێنان لە بەرەبەری داخران دان.
دۆخی نالەباری ئابووری بووەتە هۆی ئەوەیكە ٣٦ هەزار یەكەی بەرهەمهێنان و پیشەیی دابخرێن یا لە حاڵەتی داخراندا بن و ئەوە لە سەر ٢٤ هەزار یەكەی بەرهەمهێنانی دیكەش كاریگەری نەرێنی داناوە و بووەتە هۆی ئەوەیكە لەگەڵ دابەزینی بەرچاو بەرەڕوو ببنەوە.
داخرانی یەكە بەرهەمهێنەر و پیشەیەكان لە ئێران لە پارێزگا كوردنشینەكان بەرچاوتر بووە و بۆتە هۆی ئەوەیكە بێكاری و هەژاری لە ناوچە كوردنشینەكان زیاتر پەرە بستێنێت.
لە بواری داخرانی یەكە بەرهەمهێنەر و پیشەیەكان لە پارێزگا كوردنشینەكان لە ٢ هەزار و ٨٠٠ یەكەی بەرهەمهێنان لە پارێزگای ئورمیە ١ هەزار و ٢٤٥ یەكە داخراون.
داخرانی 47% ی یەكە بەرهەمهێنەر و پیشەیەكان لە ئورمیە بووەتە هۆی ئەویكە زیاتر لە ١٨ هەزار كەس لەو پارێزگایە بێكار بن.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی پیشە، كانگا و بازرگانی پارێزگای سـنە رایگەیاندووە كە 70% ی یەكە پیشەییەكان لەو پارێزگایە داخراون.
لەو پەیوەندییەدا ئامارە نافەرمییەكانی باس لەوە دەكەن كە زیاتر لە 75% ی یەكە بەرههێنەرەكان لە پاریزگای كرماشان داخراون.