لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا 6 كەس لە ئاواییەكی سەر بە پارێزگای “ئیلام” دەستیان داوەتە خۆكوژی و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە *زاگرۆس پۆست*، لە ماوەی یەك ساڵی رابردوو لە ئاوایی “سەرتەنگ سوفلا” سەر بە شاری “ئەیوان” لە پارێزگای ئیلام دەستیان داوەتە خۆكوژی و بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
ناوی ئەو كەسانە بریتیە لە، “عەلیڕەزا سەرتەنگی، ئەیوب جەعفەری، موجتەبا كیانی و خوشكەكەی، قەیسەر كیانی، مەلەكە سەرتەنگی” و تەمەنی هەموویان ژێر 40 ساڵ راگەیەندراوە.
هۆكاری خۆكوژیی ئەو 6 هاوڵاتیە كوردە، هەژاری و دەسكورتی و تەنگ و چەڵەمەكانی ژیان راگەیەندراوە و هەروەها باس لەوە دەكرێ، یەكێك لەو كەسانە بە ناوی ئەیوب جەعفەری چەندنین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەكانی كۆماری ئیسلامی كرابوو و هۆكارەكەشی چالاكی ناتەبا لەگەڵ بنەماكانی ئەو حكومەتە راگەیەندراوە.
شایانی باسە، پارێزگای ئیلام لە بواری رێژەی خۆكوژیی لە پلەی یەكەمی ئێراندایە و پاش ئەو پارێزگایە، پارێزگاكانی خوزستان، لوڕستان، كرماشان، گوڵستان و كەهكیلویە و بویر ئەحمەد، لە پلەكەكانی دیكەی ئامارەكان لە بواری رێژەی خۆكوژیدان.