تەرخان كردنی بودجە بۆ پڕۆژە درێژخایەنەكان بۆ ساڵی داهاتوو لە پارێزگای كرماشان نزیك بە ٤٠% بە بەراورد لەگەڵ ئەمساڵ كەم بۆتەوە.
ئەو بودجەیەی كە بۆ ساڵی داهاتوو لەبەرچاو گیراوە نزیك بە 3 هەزار میلیارد تمەنە.
جێگری بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای كرماشان، بە هەواڵنێریی حكومەتیی مێهری راگەیاندووە، كە نزیك بە ٢٠٠ پڕۆژە و داواكاری گرینگ لە پارێزگای كرماشان بوونی هەیە.
موجتەبا نیك كردار، باسی لەناردنی ٦٠ نامە بۆ وەزارەتەكانی دەوڵەت كردووە و داواشی لە بەرپرسانی پارێزگاكە كردووە بە مەبەستی وەدیهێنانی ئەو داواكاریانە سەرجەم رێكارەكان بگرنە بەر.
ئەو وتانە لەحاڵێكدایە كە نزیك بە ٥ هەزار پڕۆژەی نیوەكارە لە پارێزگای كرماشان هەیە و بۆ تەواو كردنیان ٢٠ هەزار میلیارد تەمەن بودجە پێویستە.
یەكێك لە نوێنەرانی كرماشان لەمەجلیسی كۆماری ئیسلامی، ماوەیەك لەمەوبەر وتبووی، كە نرخی نەوت گرینگترین ئاستەنگی بەردەم بودجەی ساڵی ٩٤ بوو و ئەگەری ئەوە هەیە دەوڵەت ئەم كورت هێنانی بودجەیە، لە پارە تەرخان كراوەكانی ئاوەدانكردنەوە قەرەبوو بكاتەوە.
نرخی نەوت لە مانگی رابردوودا گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی و بوشكەی بەكەمتر لە ٨٠ دۆلار فرۆشراوە.
كەم كردنەوەی ٤٠% بودجە ئاوەدانكردنەوەكانی پارێزگای كرماشان هاوكاتە لەگەڵ قسەكانی فەرماندەی سپا كە بودجەی ئەو ناوەندە نیزامیەیەی لەو پارێزگایە زیاتر لە ٢٠ میلیارد تمەن راگەیاندووە.
سپای پاسداران لەژێر ناوی هێندێ ناوەند پڕۆژەی گەورەی ئابووریی بەدەست هێناوە و ئەمەش لەحاڵێكدایە كە حەفتەی رابردوو جێگری قەرارگای ” خاتم الانبیا ” وتبووی لە گەمارۆكاندا گەوەرترین زەربەمان لە كەسانی خۆمان بەركەوتووە.