زیندانیەكی سیاسی كورد بە ناوی “ئەفشین سوهرابزادە” كە بە نەخۆشی شێرپەنجەی رێخۆڵە گیرۆدە بووە، بە هۆی ناڕەزایی بەرامبەر پێڕانەگەیشتن بە دۆخی جەستەیی خۆی، لەجیاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە ڕەوانەی ژووری تاكەكەسی كرا.
كەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لەوبارەوە بڵاوی كردووەتەوە، كە “ئەفشین سوهرابزادە” زیندانی سیاسی كوردی 23 ساڵ تەمەن و خەڵكی شاری كامیاران، كە لە زیندانی شاری میناب راگیراەوە و بە هۆی دۆخی نالەباری نێو زیندان تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی رێخۆڵە بووە، رۆژی پێنجشەممە 29ی مانگی خەزەڵوەر لە ئاكامی ناڕەزایی بەرامبەر دۆخی جەستەیی خۆی، لەجیاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە، رەوانەی ژووری تاكەكەسی نێو زیندان كرا.
ئەو زیندانیە سیاسیە كە بە هۆی شێرپەنجەی رێخۆڵە تووشی خوێنرێژیی نێوخۆیی بووە و لە دۆخێكی خراپدا بەسەر دەبات، بە وتەی دكتۆر”وەحدەتخواه” كە ئەركی چارەسەریی پزیشكی ئەفشینی لە ئەستۆ بووە، دەڵێ: ئەگەر ئەفشین بەو دۆخەوە لە زیندان رابگیردرێت، مردنی 100% دەبێت.
یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو زیندانیە سیاسیە رایگەیاندووە، كە 6 مانگ لەوەپێش دادگای كۆماری ئیسلامی لە شاری سنە 120 میلیۆن تمەن بارمتەی بۆ دانی مەرەخەسی بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی دەركردبوو، بەڵام كاتێ بنەماڵەكەی هەموو كەلوپەلی ناو ماڵەكەیان حەراج دەكەن و بە قەرز و قەوڵە ئەو بڕە پارەیە دابین دەكەن، لە لایەن قازیی دۆسیەكەی و هەروەها بەرپرسیانی زیندانی میناب و دادستانی ئەو شارە، بە بنەماڵەكەی رادەگەیەندرێت كە دەبێ 220 میلیۆن بارمتە دابین بكەن.
ئەفشین سوهرابزدە كە ماوەی 2 ساڵە تووشی نەخۆشی رێخۆڵە بووە و بە دەست ئێش و ئازارەوە دەناڵێنێ، دانیشتووی شاری كرماشانە كە رێكەوتی 18ی مانگی جۆزەردانی ساڵی 1389ی هەتاویی، لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەكان لە شاری كامیاران دەستگیر و لە لایەن لقی 2ی دادگای كۆماری ئیسلامی لە شاری سنە بە تۆمەتی موحاربە(شەڕ لەگەڵ خودا) و پەیوەندیی لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردستانیەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی بە 25 ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی میناب حوكم دراوە و سەرتای مانگی رەشەمەی ساڵی 1390ی هەتاویی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەوە دوورخرایەوە بۆ میناب.