كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی بانكێكی “چین”یەوە پارە رادەستی كۆمپانیاكانی “سپای قودس” دەكات.
هەواڵنێری روییتێرز ئەمڕۆ سێشەممە 27ی خەزەڵوەر لە راپۆرتێكدا رایگەیاندوە، بە پێی هەواڵی دامەزراوەیەكی ئەمنیەتی رۆژئاوا، ئێران لە رێگەی بانكێكی چینیەوە پارە دەخاتە سەر حسابی كۆمپانیاكانی هێزەكانی سپای قودس، كە بە بەشی نێودەوڵەتی سپای پاسدارنی كۆماری ئیسلامی دەناسرێت.
لەو هەواڵەدا هاتووە كە بانكی ناوەندیی كۆماری ئیسسلامی، لە بانكێكی وڵاتی چین دا بە ناوی “كونلون” حسێبی بانكی هەیەو لەو رێگەیەوە پارە دەخاتە سەر حسێبی بانكی ئەو كۆمپانیایانەی كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی قودسی سپای پاسداران دان و ئەو پوڵانە لە پێناو چالاكییە دەرەكییەكانی سپای قودسی كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران كەڵكی لێ وەردەگیرێت.
ئەمەش لەحاڵێكدایە، كە واشینگتۆن لە ساڵی 2007ی زایینیدا هێزەكانی قودسی سەر بە سپای پاسداری كۆماری ئیسلامی خستوەتە ناو پێڕستی گروپە تێرۆریستەكان و هەروەها هاوپەیمانیەتی ئوروپایش لە ساڵی 2011ی زایینیدا دژی ئەو گروپە گەمارۆی بە كار هێناوە.
جێگەی باسە هەواڵی دەور لێدانی گەمارۆ بانكییەكان و دابینكردنی پارە بۆ چالاكییەكانی سپای قودس لە دەرەوەی ئێران لە كاتێك دا بڵاو كراوەتەوە، كە دوایین خولی وتووێژە ناوەكیەكانی كۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڤیەن دەست پێ دەكاتو هەروەها هەڵوەشاندنەوەی هەمووی گەمارۆكان یەكێك لە داخوازیەكانی كۆماری ئیسلامی لەو دانیشتنەدایە.