چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ جارێكی دیكە كۆڵبەران و كاسبكارانی كوردیان خستە بۆسە خۆیان و بە بۆنەوە دەستڕێژی گوللەی ئەو چەكدارانە، 2 كۆڵبەری خەڵكی شاری “خۆی” كوژران و بریندار بوون.
سەرلەبەیانی دوێنێ یەكشەممە 25ی مانگی خەزەڵوەر، لە نزیك ئاوایی “ئەستەجوك: سەر بە شاری “خۆی” لە پارێزگای ورمێ، كۆمەڵێ لە كاسبكارانی ئەو ناوچەیە دەكەونە نێو بۆسە و دەستڕێژی گوللەی چەكدرانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی و بەو بۆنەوە، یەكێك لە كاسبكاران بە ناوی “مەحمود وەهابی” گیانی لەدەست دەدات و كۆڵبەرێكی دیكە كە شوناسی نادیارە، بە توندی بریندار دەبێ.
چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی تەرمی ئەو كۆڵبەرەیان گواستووەتەوە بۆ نێو پایەگاكەی خۆیان و بە بنەماڵەكەیان راگەیاندووە، كە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی رۆڵەكەیان بە هۆی بەزاندنی سنوور، دەبێ 2 میلیۆن تمەن پارە بدەنە ئەو چەكدارانە.
هێرشی چەكدارانی كۆماری ئیسلامی و كوشتنی كۆڵبەران لە كوردستان و بەلوچستان لە حاڵێكدا بە شێوەی رۆژانە و بەردەوام درێژەی هەیە، كە كاربەدەستانی ئەو حكومەتە باس لە پاراستنی مافی مرۆڤ و دەكەن و لە بەرانبەردا رێكخراوە مرۆڤ پارێزەكان باس لەوە دەكەن، كە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران جێگای نیگەرانیە و بەتایبەت كاسبكاران و كۆڵبەرانی سەر سنوور بە هیچ شێوەیەك گیانیان نەپارێزراوە و مافی دابینكردنی بژیوی ژیانیان نیە.