ساڵیادی یادی وەرزشوانی ناوداری كورد “موقبیل هونەرپەژوە” بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە وەرزشوانانی شارە جیاجیاكانی كوردستان بەڕێوە چوو.
هەواڵەكان لەوبارەوە باس لەوە دەكەن، كە حەوتەمین ساڵیادی كۆچی دوایی شاخەوانی ناوداری كوردستان و ئێران رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر لە چیای “بەردە زەرد”ی بۆكان بە بەشداری وەرزشكارەكانی سنە، مەهاباد، سەقز ، نەغەدە و بۆكان بەڕێوە چوو.
گرووپە شاخەوانییەكانی زاگرۆس، ئارارات، بێستوون، فەراز، سوڵتان، شاهۆ، موكریان و سامڕەند لە بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمی رێزگرتن لەیاد و ناوی “موقبیل هونەر پەژوە” بوون.
ئەو شاخەوانە كوردە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ لە كێوی بەردەزەرد لە شاری “بۆكان” لە تەمەنی 24 ساڵیدا و لەكاتی تەمرین و راهێنەریدا هەڵدێرابوو و دوای نۆ رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە رۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر لە نەخۆشخانەی عارفیە لە شاری” ورمێ”كۆتایی بەژیانی هات.
موقبیل رێكورداری بڕینی چیای “لووتس”چوارەمین چیای بەرزی دونیا بە بەرزایی هەشت هەزار و ٤١٦ میتری لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بوو.
ئەو وەرزشكارە كوردە لە قوتابیانی”محەممەد هەوراز” شاخەوانی ناودار و ناسراوی كورد بوو كە پووشپەڕی ساڵی ٨٢ لەكاتی بڕینی بەرزایی “گاشربروم ١” بە هۆی رنوو بەفرەوە ٦٠٠ میتر هەڵدێرا و گیانی لەدەست دا و لەو رووداوەدا موقبیل هونەر پەژوەش بریندار ببوو.